نیسان 17, 2018 16:15 Asia/Tehran
  • نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان بەپێی بنەماکانی شەراکەت لە عێراق دەمێنێتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکاتەوە و جێگری سەرۆکی ئەو حزبەش ڕایدەگەیەنێت: لە عێراق دەمێنینەوە و داواش لە هاوڵاتیان دەکات، دەنگیان پێبدەن بۆ ئەوەی بەقورساییێکی زیاترەوە بچنەوە بەغدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەمیانەی دەست پێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری هەولێر و لە وتارێکدا، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند: لە ڕۆژی دەنگدان هەموومان پێکەوە دەچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان، نابێت بەهیچ جۆرێک دەنگێکیش پەراوێز بخەین چوونکە یەکدەنگیش بۆ ئێمە گرنگە و دەشبێت ئەو مەسەلەیە بەجدی وەر بگیرێت.

ناوبراو وتیشی: "دەزانین گلەیی هەیە، بەڵام ڕۆژی گلەیی نییە و نابێت باسی ئەو شتانە بکەین".

لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەشی، نێچیرڤان بارزانی وتی: "ناحەزان و ڕکابەرانمان  پروپاگەندە بڵاو دەکەنەوە و باس لە بوونی باڵباڵێن لە ناوپارتی دەکەن دڵنیاتان دەکەینەوە کە پارتی حزبێکی یەکگرتووە، هەموومان خەبات دەکەین پێکەوە لە پێناو بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان".

 

جێگری سەرۆکی پارتی جەختیشی لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق کردەوە و ڕایگەیاند: دەمانەوێت دۆخی سەرجەم ناوچەکان ئاسایی بکرێتەوە و دەبێت پارتی وەک ژمارەیێکی قورس لە بەغدا بێت، بۆ ئەوەی لایەنە کوردستانییەکان یەکدەست و یەکدەنگ بن، دەشمانەوێت بەشداربین لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە لە عێراق.