May 25, 2018 17:01 Asia/Tehran
  • گۆڕان داوای یەکێتی بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەش بەرپەرچ دەداتەوە

گۆڕان داواکەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی بەرپەرچ دایەوە ئەوەش بەهۆی ئەو گرژییەی ماوەیەکە لەنێوانیان هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتووە، لەچەند رۆژی رابردوودا یەکێتی نیشتمانی چەند جارێک داوای لەبزووتنەوەی گۆڕان کردووە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەش ئەنجامبدەن، بەڵام بزووتنەوەکە رەتکردووەتەوە.

 

هەر بەپێی زانیارییەکان داواکارییەکەی یەکێتی بۆ ئەوە بووە گرژییەکانی نێوانیان چارەسەربکەن، کە چەند رۆژێکە سەریهەڵداوەو رۆژ بەرۆژیش گرژییەکان زیاتر دەبن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، بەرپرسانی گۆڕان بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ یەکێتی هەیانە، داوای ئەو حیزبەیان بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەش رەتکردووەتەوەو جەختیانکردووەتەوە، لەئێستادا ئامادەنین کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بکەن.

کێشەکانی گۆڕان‌و یەکێتی لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گەشەی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی گۆڕان یەکێتی تۆمەتبارکرد، بەوەی لەهەڵبژاردنەکە "ساختەکاری" کردووە.

سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان‌و یەکێتی بەپێی رێککەوتنی سیاسی نێوان هەردوولا دروستکرا، کە بەهۆی ناکۆکییەکانی هەردوو حیزب، ماوەیەکی زۆرە کارەکانی هەڵپەسێراوە.