May 25, 2018 19:26 Asia/Tehran
  • یەکیەتی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی دەوێ

یەکێتی رایگەیاند پۆستی سەرۆک کۆمار بەپشکی خۆی دەزانێت و بۆ گفتوگۆش لەگەڵ لایەنەکان پۆستی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەپاکێجێک گفتوگۆی لەسەر دەکەن و هیچ لایەکیان بۆ کاتێکی دیکە دواناخەن.

ئەمڕۆ 25ی ئایاری 2018، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەغدا دوای 12 کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان گەڕایەوەو لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ، "  مەلا بەختیار"  سەرۆکی وەفدەکە باسی لەناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان کرد.

مەلا بەختیار لەبارەی  ئەو لێدوانانەی باس لەپۆستی سەرۆک کۆماری عیراق دەکەن، رایگەیاند: وەک یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆمار  بەپشکی کورد دەزانین، لەناو کوردیشدا بەپشکی یەکێتی دەزانین، بۆیە ئەگەر بۆچونی دیکە هەیە پێویستە لەسەری بکەوینە گفتوگۆ.

وتیشی: وەک یەکێتی گفتوگۆ بەبچڕ بچڕ ناکەین، بەڵکو بەشێوەی یەک پاکێج گفتوگۆ لەسەر هەموو شتەکان دەکەین، چ لەگەڵ پارتی و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش.

ئەوەشی وت: هەموو بابەتەکان دەخەینە سەر مێزی گفتوگۆ، نایەین لەسەر  بەغدا رێکەوین و کوردستان بۆ کاتێکی دیکە دوابخەین، هەروەها لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار رێکبکەوین و پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پۆستەکانی دیکە بۆ کاتێکی تر دوابخەین، بەڵکو هەوڵدەدەین لەسەر هەمووی گفتوگۆ بکەین.