جەبار یاوەر: بێ دەنگیی بەغدا لەبەرامبەر دەستدرێژکاریی تورکیا بۆسەر ئێراق، نیشانەی ڕێککەوتنی نهێنیانەی ھەردووک لایە .
سەرکردەی ھێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەو باوەڕەدایە کە : گوایە بێ دەنگیی بەغدا لەبەرامبەر هەڵس و کەوتی سەربازییانەی تورکیا لە باکووری ئێراق ، نیشاندەری رێککەوتنی نهێنیی دوولایەنە لەم بارەیەوە.
سەرلەشکر جەبار یاوەر سەرکردەی ھێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە وتووێژ لەگەڵ کورد پرێس بە ئاماژەدان بە ئۆپراسیۆنی زەوینیی و ئاسمانیی سوپای تورکیا لە سنوورەکانی هەرێم لە ساڵی 2007 بەولاوە بەبیانووی ئامادەبوونی هێزەکانی پەکەکە لەم ناوچەگەلە و زیان گەیاندن بە دانیشتوانی ئەم ناوچەگە، شیمانەی بوونی ڕێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە لە بارەی ئەنجام گرتنی ئەم ئۆپراسیۆنانە بەھێزتر دەکات.
یاوەر وێڕای پێداگری لەسەر ئەمەی کە بەپێی دەستوور، بەرپرسایەتی دابین کردنی ئاسایشی سنوورەکانی ئێراق لە ئەستۆی حکومەتی ناوەندییە، وتی : بەداخەوە کاردانەوەکان و ڕاگەیاندنی هەڵوێستی کاربەدەستان و دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارەتی ئێراق بەرامبەر بنپێکرانی سەروەریی ئەم وڵاتە لەلایەن سوپای تورکیا دۆش داماوانەیەو تائێستا هیچ چەشنە هەڵوێستێکی جیدی و کاردانەوەی بەهێز لەلایەن بەغدا لەبەرامبەر ئەنقەرە بەرچاو ناکەوێت .
ئەم کاربەدەستەی لەشکرییە باڵایەی هەرێمی کوردستانی ئێراق وتیشی: چەندین جار کاربەدەستانی لەشکری و سیاسیی ئێراق و تورکیا لە بەغدا و ئەنقەرە لەم پەیوەندییەدا پێکەوە کۆبوونەوەتەوە و کەچی کاربەدەستانی ئێراقی ڕادەگەیەنن کە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ لایەنی تورک بۆ هاتنی هێزەکانی بۆ ئێراق نەکراوە بەڵام کاربەدەستانی تورکیا پێداگریییان کردووە کە کاربەدەستانی بەغدا لە ڕەوتی هەڵس و کەوتی سەربازیی تورکیا ئاگادارن.