ته‌مووز 04, 2018 21:38 Asia/Tehran
  • دیاردەی چەک فرۆشتن لە ھەرێمی کوردستانی عێراق

ھاوپەیمانان ھاتنە دەنگ: ئەگەر پێویست بکات بەدوادا چوون دەکەین .

دۆسیەی فرۆشتنی چەکەکانی ھاوپەیمانان لەلایەن چەند  ئەفسەر و پلەدارێکی وەزارەتی پێشمەرگەوە،کاردانەوە و ھەڵوێستی جیاوازی لێدەکەوێتەوە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: ئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە نییە و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دەڵێت ئەگەر پێویست بکات بەدواداچوون دەکەن.

 ھەرلەم بارەیەوە ڕۆژی ڕابردوو جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستانی عێراقیش،‌ڕاگەیاند:لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنییەکانی ھاوپەیمانان کە لە شەڕی دژی داعش وەک ھاوکاری پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان کرابوون، زیاتر لە ٢٠ ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگەیان دەستگیرکردووە. یاوەر وتووشیەتی: سەرجەم دەستگیرکراوەکان لێکوڵینەوەیان لەبەرامبەر فرۆشتنی چەکەکانیان لەگەڵ دەکرێت و بەشێکیشیان چەکەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ وەزارەت و ھەندێکیشیان سۆراخیان بۆ چەکەکانیان کردووە تا بیگەڕێننەوەو لێکۆڵینەوەش لەسەر فرۆشتنی چەکەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت".

ھەر لە پەیوەندی لەگەڵ دیاردەی چەک فرۆشتن لە ھەرێمی کوردستانی عێراق ، شۆن ڕایان، وتەبێژی فەرمی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە لێدوانێکی تایبەتی دا ڕایگەیاندووە: ئێمە ھیچ داتایەکی دیاریکراومان نییە لەسەر بڕی ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانەی پێشکەش بە ھێزەکانی پێشمەرگە کراون. ھۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر ڕادەستکردنی چەکەکان وبەرپرسیارێتیی پاراستنیان لەڕێگای ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستەبەر کرا بوو.

سەبارەت بە ھەڵوێستی فەرمیی ھاوپەیمانانیش لەسەر ئەم دیاردە نالەبارە وتەبیژەکەی ھاوپەیمانان ڕونیکردووەتەوە: ئێمە ھیوادارین ھیچ چەکێک نەفرۆشرێت ولەکاتی پێدانی چەکەکان باس لەبەرپرسیارێتی پاراستنی چەکەکان کراوە و ئێمە بواردەدەین بە ھێزە ئاسایشتییەکانی  عێراق ئەو شێلگیرانە ئەو ئەرکەی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ناوبراو جەختیشیکردووەتەوە کە، ئەگەربێتوو لەبەر ھەندێک ھۆکار ئەوان لەو بابەتەوە تێوەبگلێن، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەمانیش ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن و بەدواداچوون دەکەن.

ھەر پەیوەند بەم باسەوە، یەحیا ڕەسوڵ، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی سوپای عێراق ڕایگەیاندووە: لەوە ناچێ چەکەکانی ھاوپەیمانان لەلایەن ھێزە ئاسایشتییەکانی عێراقەوە ڕادەستی ھێزی پێشمەرگە کرابێت، چونکو ئەم بابەتە تایبەتە بە وەزارەتی پێشمەرگەوە کە ئەگەر ئەفسەرانی پێشمەرگە چەکی ھاوپەیمانانیان  فرۆشتبێت، پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات و ئێمە وەکو وەزارەتی بەرگریی حکومەتی فیدراڵی ھیچ پەیوەندییەکمان بەو دۆسیەوە نییە.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ھەرێمی کوردستانی عێراق چەندین ڕووداوی تەقینەوەی کۆگاو ھەماری چەکی بە خۆیەوە بینیوەو چاودێران لەو باوەڕەدان کە ئەو دیاردەیە لە بەر شاردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە چەکانەن کە لە لایەن فەرماندەرانی ھێزی پێشمەرگەوە فرۆشراون و پێ دەچێت ژمارێک لەو چەکانەش بە دەستی تیرۆریستانی داعش گەییشت بن.

سەرپەیڤ