ته‌مووز 13, 2018 12:37 Asia/Tehran
  • هەڵپەسێردرانی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گۆڕدرانی سیستەمی ڕامیاریی یان دۆخەکە وا هەڵدەگرێ ؟

پەرلەمانی ناوچەی کوردستانی ئێراق لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ئەو ناوچەیەی هەڵپەساردو رایگەیاند کە هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم بەڕێوە ناچێ.

پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە تا ئێستا چۆڵ بووە. پێشتر "مەسعوود بارزانی" لە ساڵی ٢٠٠٥ هەتا ئۆکتۆبەری٢٠١٧ بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سەرۆکایەتی هەرێمی لە ئەستۆ بوو، بەڵام بەڕێوە چوونی ڕیفراندۆمی نایاسایی جیابوونەوەی کوردستان لە ئێراق لە سێپتەمبەری ڕابردوودا، لە ئاکامدا بووە هۆی ڕووخانی بارزانی و واز لە دەسەڵاتهێنانی بەناچاری و بەجێ هێشتنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم.

مەسعوود بارزانی یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٥ لە ڕێگای پەرلەمانی ناوچەی کوردستانی ئێراقەوە و دووەم جار چوار ساڵ دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ بە دەنگی جەماوەری کوردستان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم هەڵبژێردرا. لە کاتێکدا کە بە پێی یاسای هەرێمی کوردستان، خولی سەرۆکایەتیی بارزانی دەبا لە هاوینی ٢٠١٣ کۆتایی هاتبایە، پەرلەمانی هەرێم بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئەو خولەی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە نوێ کردەوە. لەو ڕێککەوتنەدا بڕیار درا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و ڕیفراندۆمی یاسای بنەڕەرتی بۆ دوو ساڵی دیکە وەدوا بخرێن. بە کۆتایی هاتنی ماوەی دوو ساڵەی زێدە کراو، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و کۆپرسیی یاسای بنەڕەتی بەڕێوە نەچوو و خولی سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە و ئەم جارە نە لە لایەن پەرلەمانەوە بەڵکوو لە لایەن ئەنجومەنی دادەوانیی ناوچەی کوردستانی ئێراقەوە نوێ کرایەوە.

دیکتاتۆەرتی حیزبی و هۆگریی بارزانی بۆ تاهەتایی کردنی سەرۆکایەتییەکەی بە سەر هەرێمی کوردستان بووە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و  ناکۆکییەکی بەربڵاوی ناوخۆیی و داخوازی بەردەوامی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ وەلانرانی بارزانی لە سەر ئەو پۆستە. لە ئاکامدا شکست هێنانی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی کوردستان لە ئێراقیش کە بە هۆی سوور و پێداگر بوونی "مەسعوود بارزانی" لە سێپتەمبەری ٢٠١٧ بەڕێوە چوو، بووە هۆی ئەوەی کە بارزانی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم بکێشێتەوە و بە کردەوە ئەو پۆستە لەبەر بەڕێوە نەچوونی هەڵبژاردن هەر چۆڵ بمێنێتەوە.

ئێستاکە لە کاتێدا  پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵپەسێردرانی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم ڕادەگەیەنێ کە بڕیارە پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەم ناوچەیە رۆژی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ بەڕێوە بچێت. خاڵی گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە پەرلەمانی چوارەمی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئەو بڕیارە گرینەی لەمەڕ هەڵپەسێردرنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم دا کە چالاکیی ئەم پەرلەمانە پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لایەن خودی مەسعوود بارزانییەوە راگیردرابوو.

بریاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەو ڕەهەندەوە گرینگە کە کاریگەرییەکی قووڵ دادەنێتە سەر سیستەمی سیاسیی ئەم ناوچەیە. بێتوو پەرلەمانی پێنجەمی هەرێمی کوردستان بڕیاری پەرلەمانی ئێستا پشت ڕاست بکاتەوە بە مانای هەڵوەشانەوەی یەکجاریی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی  هەرێم و لە ئاکامدا گۆڕدرانی سیستەمی سیاسیی لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی دەبێ. ئەو ڕووداوە لە ڕاستیدا سەرکەوتنی سیاسیی گەورەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان لەوان بزووتنەوەی گۆڕانە لەبەر ئەوەی کە ئەم پارتانە پێشتر بەجاران خوازیاری گۆڕدرانی سیستەمی سیاسی لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی ببوون.

هەر لەم ئاراستەیەدا، "مەحموود شێخ وەهاب" لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی گۆڕان سێپتەمبەری رابردوو وتی: فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و ژمارێک لە ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵ دەدەن یاسایەک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەن بکەن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم، لەبەر ئەوەی کە ئێمە ئیتر نامانهەوێ ئەزموونەکانی ڕابردوو لەوان بڕیاردانی یەکلایەنە لە لایەن سەرۆکەوە، داخرانی پەرلەمان، زاڵێتیی سەرۆک بە سەر هەرێمی کوردستان و پەرەسەندنی کێشە و ناکۆکی لە بەغدا دووپات ببێتەوە."

بڕیاری پەرلەمانی داهاتوو ئەوە دەردەخات کە بەڕێوە نەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەبێ بە یاسایەکی تاهەتایی و یان ئەوەی کە ئەم بڕیارە تەنیا لەبەر باروودۆخی تایبەتی ئێستا کە ناوچەکە بەرەوڕووی بۆتەوە دراوە و کورتماوە دەبێ.

سەرپەیڤ