ته‌مووز 17, 2018 16:45 Asia/Tehran
  • سەعدی پیرە: باسی دابەشکردنی پۆستەکانی بەغدا نەکراوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبونەوەی دوێنێی وەفدی باڵای یەکێتی و پارتی دا باسی ئەو پۆستانە نەکراوە کە لەبەغدا بەر کورد دەکەون.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی "سپی"، سەعدی پیرە وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاشکرای کرد،" لە کۆبونەوەکەی دوێنێدا بەهیچ جۆرێک باسی دابەشکردنی پۆستەکانی بەغدا و لە نێویشیاندا پۆستی سەرۆک کۆمار، لە نێوان یەکێتی و پارتی دا نەکراوە"،ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکی "سپی"دا سەبارەت بەو ناوانەی، کەلە هەندێک میدیاوە بڵاوکراونەتەوە وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وتی، "بە هیچ جۆرێک بۆ هیچ پۆستێک لە نێویاندا پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ناوی هیچ کاندیدێک نەهێنراوە".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە لەگەڵ پارتیدا لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ داڕشتنەوەی نەخشە ڕێگای دانوستانەکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، هەروەها ناوبراو وتیشی، "ئێمە هەوڵدەدەین هەموو لایەنە کوردییەکان بە یەک ئەجێندا بچینە بەغدا بۆ گفتوگۆ، هاوکات هانی هەموو لایەنە کوردییەکانیش دەدەین، کە بەشداری پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بکەن و بایکۆتی پرۆسەکە نەکەن".

رۆژی دووشەممە لە هەولێر وەفدی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبونەوەو، هەندێک میدیاش ناوی چەند کاندیدێکی یەکێتی-یان هێنا، کە پاڵێوراون بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.