ته‌مووز 18, 2018 00:15 Asia/Tehran
  • ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانی عێراق : دانانی فیلتەر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێچەوانەى یاسایە

بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: نەبوونى یاسای تایبەت بە هێڵەکانى ئینتەرنێت لە ھەرێمی کوردستان بووەتە هۆی ئەوەى کە دەسەڵاتداران بە هەر بیانویەک فیلتەر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنێن کە دیارە ئەمەش بە پێچەوانەى یاسایە .

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە لیژنەی کاروباری یاسایی ڕایگەیاند: لە هەرێمى کوردستان نەبوونى یاسای تایبەت بە هێڵەکانى ئینتەرنێت بووەتە هۆی ئەوەى کە دەسەڵاتداران هەرکاتێک و بە هەر بیانویەک بێت بتوانن هێڵەکانى ئینتەرنێت ڕابگرن و فیلتەر لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنێن کە دیارە ئەمەش بە پێچەوانەى یاسایە.

بەهارمەحمود وتووشیەتی:دانانى ئەوفیلتەرانەو ڕاگرتنى هێڵەکانى ئینتەرنێت پێچەوانەى مافە مەدەنییەکانى هاوڵاتیانە، لەبەرئەوەى لەکاتێکدا هاوڵاتیان داواى مافەکانى خۆیان دەکەن، کاربەدەستان لە ترسی فراوانتربوونى ناڕەزایەتییەکان پەنایان بۆ ڕاگرتنى هێڵەکان بردووە".

بە قسەی ناوبراو، ئەو کارەى حکومەتى عێراق و هەرێم بەپێچەوانەى یاسایەو تەنها ئەو وڵاتانە پەناى بۆ دەبەن کە حوکمى تاکڕەوی تیایاندا باڵادەستە.

لە ماوەى ڕابردوودا ڕاگرتنى هێڵەکانى ئینتەرنێت و دانانى فیلتەر لەسەر بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێم و شارەکانى دیکەى عێراق نیگەرانیى هاوڵاتیانى لێکەوتەوە و هاوڵاتیانیش باس لەوە دەکەن کە دەسەڵاتداران بە پێچەوانەى یاسا و لە ترسی نەمانى پێگە و دەسەڵاتیان هێڵەکانیان ڕاگرتووە.