ته‌مووز 18, 2018 17:59 Asia/Tehran
  •  نێچیرڤان بارزانی: داوا لە هەموو حزبەکان دەکەم بەشداری گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بکەن

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ سەنتەری مەشق و پەرەپێدانی وەزارەتی کارەبای کردەوە و لە وتارێکیشدا رایگەیاند، لە هەموو بوارەکانی حکومەتدا چاکسازی دەکەن و داواشی لە هەموو حزبەکان کرد بەشداری گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بکەن.

نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا راشیگەیاند، "ئەو دۆخەی زیاتر لە چوار ساڵە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێندراوە هەر لە بڕینی بودجەی هەرێم و هاتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت بوونەتە هۆی راگرتنی پێشکەوتنەکانی هەرێم لە دابینکردنی خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان".

وتیشی، "بە پشتیوانی خەڵک و پێشمەرگە حکومەتی هەرێم رۆژە سەختەکان تێدەپەڕێنێت و ئاسۆیەکی رونتر و ئایندەیەکی گەشتر لە پێش هەرێمی کوردستانە".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجیان بەدیهێنانی شەراکەتی راستەقینەیە لە عێراق و داواش لە هەموو حزبەکان دەکەم بەشداری گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو عێراق بکەن".

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، هەنگاوەکانی حکومەت لە چاکسازیدا گرنگن و بڕیاریشە لە هەموو بوارەکانی حکومەتدا چاکسازی بکەین لە هەرێمی کوردستان.