ته‌مووز 19, 2018 16:12 Asia/Tehran
  • دوو داخوازیی سەرەکیی شاندی ھاوبەشی کورد لە سەردانەکەیان بۆ بەغدا تاوتوێ دەکرێت

بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: گرینگترین داخوازیی شاندە ھاوبەشەکەی ھەردووک پارتە دەستەڵاتدارەکەی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە بەغدا ، گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەکێشە لەسەرەکان و وەرگرتنی بوجە دواکەوتوەکانیان.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، غیاس سورچی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ھەواڵدەریی ئەلمەعلومە وتی:گرینگترین داخوازیی شاندە ھاوبەشەکەی ھەردووک پارتە دەستەڵاتدارەکەی ھەرێمی کوردستانی عێراق واتە پارتی و یەکێتی کە سەردانی بەغدای کردووە ،گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکێشە لەسەرەکان و وەرگرتنی بوجە دواکەوتوەکانیانە.

سورچی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە داخوازییەکەی دیکەی ئەم شاندە، ڕاپەڕاندنی ماددەی ١٤٠ی یاسای بنەڕەتیی عێراق و تەرخان درانی بوجەیەکی تۆکمەوتەواو بە ھەرێمی کوردستانە.

بە قسەی ناوبراو شاندەکەی پارتی و یەکێتی لە بەغدا ھەروەھا داوای پرکتیزە کرانی ڕێککەوتننامەی نەوت و گاز لە نێوان ھەولێرو بەغداش دەکات.

جێگای ئاماژەیە کە شاندە ھاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی ڕۆژی چوارششەمە گەییشتووەتە بەغدا.