ئاب 17, 2018 00:29 Asia/Tehran
  • سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق : ئێمە وەکوو پارتی لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردندا نین

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق : ئێمە پێکەوە دەتوانین دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنین، ئەگەر بەوردی سەیر بکەین دەبینین کە هەرچی دەستکەوتی گەورەیە کە بەدەستهاتووە لەوکاتانەدا بووە کە ئێمە تەبا بووین و پێکەوە بووین، کەوا بوو با پەند لەو ئەزموونانەی ڕابردوو وەربگرین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر لە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە وتارێکدا بە بۆنەی ئاھەنگی حەفتاودووھەمین ساڵی دامەزراندنی پارتەکەیەوە کە بەرپرسانی باڵای پارتەکەی و نوێنەرانی کۆمەڵێک لە پارتەکانی دیکەی  کوردستانی عێراق تیای دا بەشداربوون ، جەختی کرد لە سەر نەیارەتی کردنیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانی عێراق.

سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستانی عێراق پێی داگرت: چارەسەریی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنە نەک دواخستنی، ھەر بۆیە دەبێ بەراشکاویی بڵێم کە ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نین و لەگەڵی نابین. ناوبراو هەروەها داوای لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم کە کرد پێکەوە بچنە بەغداو وتیشی:، ئەمە پرسێکی نەتەوەیی و چارەنووسسازە بۆ هەموومان، وا ھەڵدەگرێ دەست لە یەکترشکاندن و دژایەتی یەکدی هەڵگرین.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، بارزانی هەڵبژاردنی بە چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە زانی و رایگەیاند: بۆ چاککردنی دۆخی ناوخۆ کە هەموومان گلەییمان لێی هەیە ، دەبێت چاکسازیی بکرێت و هەنگاوی زۆر گەورە بهاوێژرێ، بەڵام بەڕاستی ئەمە لەکاتێکدا دەبێت کە هەڵبژاردنێکی ناوخۆییش بکەین بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتێکی نوێ و حکومەتێکی بەهێز دابمەزرێت و هەمووشمان پشتیوانیی لێبکەین لە ئاراستەی نەهێشتنی ئەو کەموکوڕییانە و دەستکردن بە چاکسازییەکی بنەڕەتی لە هەموو بوارێکدا.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەدرێژەی قسەکانیدا پێی داگرت: بەھیوام لەباتی ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە هەڵبژاردن دوابخرێت بیر لەوە بکەینەوە چۆن هەموومان پێکەوە هەڵبژاردنێکی بێگەرد و بێ گیروگرفت و زوڵاڵ ئەنجام بدەین، ھەرچییەک پێویستە با بیکەین بۆ ئەوەی هیچ گلەییەک نەیەتە سەر ئەو هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەکە بە باشی بەڕێوە بچێت و بەرەو دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز بچین، ئەمە چارەسەرە و من لێرەدا دەمەوێت بە راشکاوی بڵێم، وەکو پارتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین و لەگەڵیشی نابین.

سەرۆکی پارتی راشیگەیاند:ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو لایەک بەخۆماندا بچینەوە و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەینەوە و پارتی دەستی برایەتی، هاوکاری و دۆستایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکاتەوە. ئێمە پێکەوە دەتوانین دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنین، ئەگەریش بەوردی سەیر بکەین هەرچی دەستکەوتی گەورەیە کە بەدەستهاتووە لەوکاتانەدا بووە کە ئێمە تەبا بووین و پێکەوە بووین. پێویستە ئێمە پەند لەو ئەزموونانەی ڕابردوو وەربگرین.

مەسعود بارزانی وتیشی: سەرباری هەموو ئەو کەموکوڕییانەی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق روویان دا ئێستاکە ڕاستییەک هاتووەتەپێش و ئەمە دەرفەتێکیشە، دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکان. خۆشبەختانە پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی باش کە پێکەوە و بە یەک بەرنامە و بەیەک شاند گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن، من لێرەوە داوا لە هەموو لایەنەکانی دیکەش دەکەم، کە هەموو پێکەوە بین، ئەمە پرسێکی نەتەوەیی و چارەنووسسازە بۆ هەموومان و حەقە دەست لە یەکترشکاندن و دژایەتی یەکدی هەڵگرین، چونکو ھەتا ئێستا هیچ سوودێکمان لەوە وەرنەگرتووە.