ئه‌یلوول 18, 2018 21:38 Asia/Tehran
  • هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: ڤیتۆم لەسەر کەس نییە

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند، ڤیتۆی لەسەر کەس نییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و پشتگیری هیچ کاندیدێکیش ناکات.

بە گوێرەی راپۆری کەناڵی سەحەری کوردی و بەپێی راگەیەندراوێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی کۆبووەتەوەو گفتوگۆیان لە بارەی پێشهاتە سیاسیەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەکە و گفتوگۆی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردووە.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "لەبارەی تێڕوانین و بڕیاری سیاسی و مێژوویی و نەتەوەیی یەکێتی بۆ هەرێم و عێراق هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی راشکاوانە دوان و رایانگەیاندووە، یەکێتی باوەڕی بە یەکڕیزی نیشتیمانی هەیەو لەو سۆنگەیەوە دەیەوێت کورد وەک یەک تیم لە ناوەند کاربکات و یەک بۆچوون هەبێت بۆ پرسەکان".

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندووە، "ڤیتۆم لەسەر هیچ کاندیدێکی یەکێتی نیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق و پشتگیری هیچ کاندیدێکیش ناکەم، ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاندیدی یەکێتی بۆ  ئەو پۆستە دەستنیشان دەکات".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆ هەرێمیش ئەگەر چی لە کێبڕکێداین و لە بانگەشەی هەڵبژاردنین بەڵام هەر دەمانەوێت ئاشتەوایی سیاسی تێک نەچێت و یەکڕیزی بپارێزین دوور لە تەخوینکردن و زمانی زبر بانگەشەی خۆمان بکەین و نەبینە هۆی تێکدانی ژینگەی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی زیاتر".

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رونیکردووەتەوە، "ئەوەی بۆ یەکێتیش گرنگە، ئەم بارودۆخە سیاسییە ناجێگیرە لە بەرژەوەندی کورد تێپەڕێنین و مافە دەستورییە زەوتکراوەکانمان بەدەست بهێنینەوە".