ئه‌یلوول 20, 2018 12:39 Asia/Tehran
  • پارتى هه‌ڵوێستى خۆى له‌ باره‌ى به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ راگه‌یاند

پارتى دیموکراتى کوردستان، هه‌ڵوێستى خۆى سه‌باره‌ت به‌ کاندیدکردنى به‌رهه‌م ساڵح له‌ لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمار راگه‌یاند.

به پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ وته‌بێژى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا رایگه‌یاند، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنین کە پۆستی سەرۆکی کۆمار ئیستحقاقی گەلی کوردستانە و نابێ هیچ لایەنێک تەنیا بە موڵکی خۆی بزانێت، بۆیە پارتیمان بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدی خۆی دەبێت.

لێدوانێک لە وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، دەربارەی پاڵاوتنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە:

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوا کۆبوونەوەماندا لەگەڵ جێگری سکرتێری گشتی و بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی، خواست و هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بوو وەک چۆن بە یەکگرتوویی و یەک بەرنامەیەیی لە بەغداین، هەرواش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەسەر یەک کاندید رێک بکەوین، هەروەها وەکو شیاوەتیی هەڵبژاردن بەحەقی خۆمان زانی  پۆستی سەرۆک کۆمار کە چەند جارێکە لە لایەن یەکێتیەوە کاندیدی بۆ دیاری کراوە، ئەم جاریان لە لایەن پارتیمانەوە و بە کاندیدی پارتیمان پڕ بکرێتەوە، لەم بارەوەش پێشنیاز و را گۆڕینەوەمان هەبووە، بڕیار وابوو برایانی یەکێتی دوای گەڕانەوەیان بۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئاگادارمان بکەنەوە، بەڵام ئاگاداریان نەکردینەوە تا ئەمڕۆ لە راگەیاندنەکانەوە بیستمان کە بەرهەم ساڵحیان دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی تاک لایه‌نە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پاڵاوتووە.