ئه‌یلوول 20, 2018 17:29 Asia/Tehran
  • مەرجی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی بەرھەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق

سەرکردەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وتوویەتی: پارتەکەی بە مەرجێک ڕەزامەند دەبێت بە کاندید کرانی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق کە پۆستی پارێزگاریی کەرکوکی بدرێتێ.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانی عێراق دوای گێرەوکێشەیەکی زۆر بۆ ھەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، بەرھەم ساڵح یاریدەری پێشووی جەلال تاڵەبانی سەرکردەی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراقی کە لە پارتەکەی دابڕا بوو، وەک پاڵێوراوی ئەو پارتە بۆ  پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق  دیاری کرد. ئەمەش ھەڵبژاردنێکی کە ئەگەر بۆ ھەل و مەرجی ڕابردوو بگەڕێنەوە پێویستی بە ڕەزامەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیشە بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی.

ڕۆژنامەی ئینگلیسی زمانی عەرەب نیوز بە گێڕانەوە لە کاربەدەستێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە: پارتی  بە مەرجێک ڕەزامەند دەبێت بە کاندید کرانی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق لە لایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراقەوەو ئەویش سپێردرانی پۆستی پارێزگاریی کەرکوک بە پارتییە.

ئەم کاربەدەستە باڵایەی پارتی وتوویەتی: پارتی دیموکرات ھیچ لارییەکی لە کاندید کرانی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق نییە، بەڵام بەو مەرجەی کە سەرەتیەک لە لایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراقەوە بە پارتی بدرێت، چونکو بە قسەی ناوبراو، ناکرێ ھەروا لە بە بەلاش و بەبێ وەرگرتنی ھیچ سەرەتیەک ڕەزامەند بن بە کاندید بوونەکەی بەرھەم ساڵح.  بەرپرسەکەی پارتی لەو باوەڕەدایە کە ئەوە ناگونجێ کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ھەم پۆستی پارێزگاریی کەرکوکی بەدەستەوە بێت و ھەم پۆستی سەرۆک کۆمارعەتیی عێراق.

بڕێک لە کاربەدەستانی لایەنە شێعەکانی عێراقیش بە ڕۆژنامە ئینگلیسی زمانەکەی عەرەب نیوزیان وتووە: بەرھەم ساڵح لە نێو لایەنە شێعەکاندا کەسایەتییەکی دڵخوازی ھەیە، بەڵام ئەوانە چاوەڕوانی ڕێککەوتنی ھەردووک لایەنی یەکێتیی نیشتیمانی  و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقن لە بارەی ئەم پرسەوە.

ئەم ڕۆژنامەیە بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی خۆی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بێرت مەک گورک نوێنەری تایبەتیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھاوپەیمانیی بەناو دژی داعش کە لەم ڕۆژانەدا سەرقاڵی دیداری چڕوپڕە لەگەڵ لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان لە بەغداو ھەولێر و سلێمانی، ڕۆڵێکی زۆری لە گەڕاندنەوەی بەرھەم ساڵح بۆ نێویەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دا ھەبووە.

بەرھەم ساڵح لە شاڵی ٢٠١٧ لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دابڕاو جیا بووەوە.