ئه‌یلوول 23, 2018 13:25 Asia/Tehran
  • دیدارەکانی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی ئێراق لە هەولێر

دیدارەکانی ڕۆژی شەممەی سەرۆک پەرلەمانی ئێراق لە سەفەری بۆ هەولێر، لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی ئێراق بوو .

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانان/ ٢٢ی سێپتەمبەر محەممەد حەلبووسی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی ئێراق، لە سەفەرێکی پێشبینی نەکراودا گەیشتە هەولێری ناوەندی هەرێمی کوردستان.

بە پێی هەواڵ و راپۆرتی بڵاو بووە لە مێدیاکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت مێدیاکانی سەر بە پارتی و ئاگادارینامەی نووسینگەی حەلبوسی، ناوبراو لەو سەفەرەدا لەگەڵ مەسعوود بارزانی ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و جێگری مەسعوود بارزانی و مەسروور بازرانی لە ئەندامانی باڵای پارتی دیموکرات و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان (کوڕی مەسعوود بارزانی) دیداری کردووە.

سەرۆک پەرلەمانی ئێراق لەو دیدارانەدا جەختی کرد لە سەر پێویستیی لەبەرچاو گیرانی هاوسەنگی و ڕێککەوتن و بەشداریی راستینەی هەموو لایەنەکان و کۆتلە جۆربەجۆرەکانی ئێراق لە پێکهێاننی دەوڵەتی نوێ و بەڕێوە بردنی کاروباری ئەم وڵاتە کە وەکوو مەرجەکانی پارتی دیموکرات بۆ بەشداری لەو دەوڵەتەدا راگەیەندراوە.

لەو دیدارانەدا دوولایەن هیوایان خواستووە کە قۆناغی داهاتوو لە ئێراق و پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ، ببێتە هۆی پاوەجێی، ئاسایش، پێشکەوتن و گەشانەوە و هەر لەو ئاراستەیەشدا کێشە و گرفتەکانی نیوان  هەولێر و بەغدا لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتی و لە ڕێگای پەرلەمانی نوێوە چارەسەر بکرێ.

لە لایەکی دیکەوە نێچیرڤان بارزانیش لە سەفەرێکی لە پێشەوە ڕانەگەیەندراو بۆ بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق و عەمار حەکیم ڕێبەری ڕەوتی حیکمەی ئێراق، سەبارەت بە مەسەلەی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ دیدار و وتووێژی کرد.