ئه‌یلوول 24, 2018 07:25 Asia/Tehran
  • بەرهەم ساڵح وەک بەربژاری یەکێتی بە فەرمی ناوی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق تۆمار کرد

به‌رهه‌م ساڵح، وه‌ک بەربژاری یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌ فه‌رمی ناوی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عیراق تۆمارکرد.

 

د. جوان ئیحسان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ ماڵپه‌ری پیوکه‌ی میدیا زمانحاڵی یه‌کێتی راگه‌یاندووه‌،  بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێوشوێنە یاساییەکانی گرتووەتەبەر و ناوی خۆی تۆمارکرد.

هاوکات حەسەن ئاڵی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق له‌ فراکسیۆنی یه‌کێتی رایگەیاندووه‌، بەرهەم ساڵح بە رەسمی پێداویستییەکانی بۆ کاندیدبوونی تەسلیم کردووە و رێوشوێنە یاساییەکانی گرتووەتە بەر وەک کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە.

ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌  رۆژی شه‌ممه‌ 22ی ئه‌ی‌لولی 2018، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە راگەیەنراوێکدا روونیکردەوە کە یەکێتی"هەڵئەسێ بەکاری پێویست بۆ راییکردنی سەرجەم کارە سیاسی و یاساییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق بۆ بەربژارەکەی خۆی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی نوێ لە بەغدا".

هه‌ر  رۆژی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ فه‌رمی فوئاد حسێن، سه‌رۆکی پێشووی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عیراق کاندید کرد.

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆکی پێشووی هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری، له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا به‌ فه‌رمی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆی بۆ ناو ریزه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان راگه‌یاند، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حزبه‌شدا، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک کاندیدی یه‌کێتی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عیراق راگه‌یه‌ندرا.