تشرینی یه‌که‌م 16, 2018 18:06 Asia/Tehran
  • دۆزرانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێی کوردانی ئێزدی لە ستانی نەینەوا

گۆڕێکی نوێی بەکۆمەڵی داگری تەرمی هەژدە کوردی ئێزدی قوربانی تاوانکارییەکانی داعش بۆ وێنە ئێزدییانی ئاوایی کۆجۆ، لەپارێزگای نەینەوا دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێی کوردانی ئێزدی قوربانی تاوانکارییەکان وڕەگەزکوژیی داعش، لەناوچەی تەلەعفەری سەربە پارێزگای نەینەوا و لەنزیک گوندی که‌سر مه‌حره‌ب دۆزراوەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرە، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە داگری تەرمی هەژدە کوردی ئێزدییەو شووناسی هەشت کەس لەوان کە لە دانیشتووانی گوندی ئێزدی نشینی کۆجۆ سەر بە شنگالن، ناسێندراوە.

لەوبارەوە، رائید فەلاح ئەندامی کۆمیتەی لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی سەنەدو بەڵگەی ڕەگەزکوژیی کوردانی ئێزدی بە ماڵپەڕی هەواڵیی پارتی دیموکراتی کوردستانی وت کە تائێستا ٦٩ گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی و هەروەها دوو گۆڕی بەکۆمەڵی شارومەندانی شیعەمەزهەبی ناوچە لەو پارێزگایە دۆزراوەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمیتەی لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی سەنەدو بەڵگەی هاوپێوەند بە ڕەگەزکوژیی کوردانی ئێزدی پێشتر زانیاری گەلێکیان لەبارەی قەڵاچۆی ١٧ شارومەندی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە بەدەست گەیشتووە بەڵام هیچ زانیارییەکیان نییە لەبارەی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە.

ناوبراو بەئاماژە بەوەی کە هەڵدرانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدی و ناسرانی شووناسی قوربانیان وتۆمارکرانی سەنەدو بەڵگەی پێویست، ئەرکی حکومەتی ئێراقە، بەڵام بەغدا لەو بارەوە کەمتەرخەمی دەکا، خوازیاری یارمەتی و هاوکاریی هەمەلایەنەی هەموو لایەنەکان، لەگەڵ کوردانی ئێزدی بوو لەوبارەوە.

داعش لەمانگی ئاگۆستی٢٠١٤ هێرشی کردەسەر ناوچەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی کوردانی ئێزدی لەپارێزگای نەینەواو دەستی کردبە قەڵاچۆی بەرفراوان و بەکۆیلەگرتنی هەزاران کەس لە کوردانی ئێزدی بۆ وێنە دانیشتووانی گوندی کۆجۆ.

"نادیا موراد" کچە کوردی ئێزدی و لە دانیشتووانی ئەو گوندە کە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لەلایەن داعشەوە قەڵاچۆ کرانو خۆشی بەکۆیلە گیرا، پاش ڕزگاربوونی لەچنگ داعش لەبەر هەوڵدانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆیلەتی لەجیهانداو توندوتیژی سێکسی، وەک باڵوێزی نیازپاکی ڕێکخراوی نەتەوەکان هەڵبژێردراو خەڵاتی ئاشتیی نۆبلی٢٠١٨شی پێ بەخشرا.