تشرینی یه‌که‌م 21, 2018 09:16 Asia/Tehran
  • سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمای هەرێمی کوردستان

ئەنجامی فەرمی و یەکجاری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پیشان دەدات کە پارتی دیموکرات بە مەودایەکی زۆر سەرکەوتوویی ئەو هەڵبژاردنانە بووە لە کاتێکدا کە یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕانیش پلەی دووەم و سێهەمیان بە دەست هێناوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی فەرمی و یەکجاریی هەڵبژاردنەکانی هەرێم پاش ژماردنی ١٠٠%ی دەنگەکانی ڕاگەیاند کە بە پێی ئەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) بە دەس خستنی ٦٦٨ هەزار و ٧٠ دەنگ پلەی یەکەمی بە دەس هێنا و لە سەرجەم ١٠٠ کورسی تایبەت بە کوردان لە پەرلەمانی داهاتوو، ٤٥ کورسی بە خۆی تەرخان دا.

ئەنجامی ڕاگەیەندراو لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەروەها باس لەوە دەکات کە یەکێتی بە دەس خستنی ٣١٩ هەزار و ٩١٢ دەنگ پلەی دووەمی بە دەست هێناوە و ٢١ کورسی پەرلەمانی هەرێمی بە خۆ تەرخان داوە ، لە کاتێکدا کە پلەی سێهەمیش گەیشتووە بە بزوتنەوەی گۆڕان کە بە دەس خستنی ١٨٨ هەزار و ٩١٣ دەنگ، ١٢ کورسیی پەرلەمانی بە دەس هێناوە.

پلەی چوارەم تا شەشەمیش بە ڕیز بە نسیبی بزووتنەوەی "نەوەی نوێ" بە ١٢٧ هەزار و ١١٥ دەنگ و ٨ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامیی بە ١٠٩ هەزار و ٤٩٤ دەنگ و ٧ کورسی، هاوپەیمانیی بەرەو ئیسلاح (پێکهاتوو لە یەکێتی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان) بە ٧٩ هەزار و ٣٣٤ دەنگ و ٥ کورسی بووە. لە کاتێکدا کە هاوپەیمانیی سەردەم بە ١٥ هەزار  و ٥٨١ دەنگ و لیستی ئازادی (حیزبی شیوعی کوردستان) بە ٨ هەزار و ٦٣ دەنگیش هەرکام کورسییەکی پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی کوردستانیان بە خۆ تەرخان داوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە سەرجەم ١١١ کورسیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ١١ کورسی تەرخان دراوە بە کەمینە ڕەگەزی و ئایینییەکان کە پارتی گەشەی تورکمانی بە ٣ هەزار و ٣١٨ دەنگ و ٢ کورسی، پارتی ئیسلاحی تورکمانی بە ٣ هزار و ١٢٥ دەنگ و ١ کورسی، بەرەی تورکمانی بە ١٥٤٥ دەنگ و ١ کورسی و لیستی ملەتیش بە ٨٨٥ دەنگ و ١ کورسی، ٥ کورسی تایبەت بە کەمینەی تورکمان لە پەرلەمانی داهاتوویان  بە خۆ تەرخان دا، هەروەها ٥ کورسی تایبەت بە کەمینەی مەسیحی گەیشتۆتە هاوپەیمانیی یەکگرتوویی نیشتمانی بە ٨ هەزار و ٨٨ دەنگ و ٣ کورسی، ئەنجومەنی نیشتمانیی کەلدانی، سوریانی و ئاشووری بە ٢ هەزار و ٩٦٣ دەنگ و ١ کورسی  و لیستی ڕافدین بە ٢ هەزار و ٦٢٦ دەنگ و ١ کورسی و لە ئاکامدا بزووتنەوەی "فاهیک کەماڵ سورانیان"ـیش بە دەس خستنی ٦١٥ دەنگ، تاقە کورسیی کەمینەی ئەرمەنی بە خۆ تەرخان داوە.

پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستانی ئێراق، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سێپتەبەر بە ململانێی نێوان ٦٧٣ بەربژاری سەر بە ٢٩ پارت و بزووتنەوەی سیاسی بۆ دەس خستنی ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو.

نزیکەی سێ ملوێن و ١٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان شیاوی بەشداری لەو هەڵبژاردنانە بوون.