تشرینی دووه‌م 15, 2018 11:39 Asia/Tehran
  • پارتی نایەوێت پۆستی هیچکام لەسەرۆکایەتییەکان بدات بەیەکێتی

پارتی دیموکران نایەوێت هیچ کام لەپۆستەکانی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بدات بەیەکێتی نیشتمانی‌و بەنیازە پشکی ئەو حیزبەش لەکابینەی نوێ‌، تەنیا 30% بێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی ئاگادار دراوە بە " شارپرێس" ، پارتی پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی بۆ خۆی یەکلاکردووەتەوەو نێچیرڤان بارزانی-یش جێگری سەرۆکی پارتەکە بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکات.

هەر بەپێی زانیارییەکان پارتی چاوی لەوەشە، کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ خۆی بێت‌و ئەو پۆستە نەدات بەیەکێتی نیشتمانی، کە ئەمەی دووەم دەیەوێت لەبەرانبەر پۆستی سەرۆکی حکومەت وەریبگرێت.

زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، پارتی لەبەرانبەر وەرگرتنی پۆستی هەردوو سەرۆکایەتییەکەی هەرێم، پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان‌و حکومەت دەدات بەیەکێتی، لەگەڵ پۆستی چوار وەزارەت، کە دوو لەوەزارەتەکان سیادی دەبن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، کە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان-یش لەکابینەی داهاتوو بەشداری بکات، ئەوە پۆستی چوار وەزارەت دەدات بەو بزووتنەوەیە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ کام لەوەزارەتەکان سیادی بن.

پێشتر فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکرات، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، پارتی یەکێتی بەشەریکی خۆی دەزانێت، بەڵام ئەو حیزبە نابێت چاوەڕێ‌ بێت پۆستەکان بەپێی سیستەمی 50 بە 50 دابەش بکەن. 

ئەمە لەکاتێکدایە لە 30 ئەیلوولی رابردوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردسان بەرێوەچوو، کە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، پارتی بە بردنەوەی 45 کورسی پەرلەمانی پلەی یەکەمی هەیەو یەکێتی-یش 21 کورسی هەیەو پلەی دووەمی هەیە، هەرچی گۆڕان-ە، تەنیا 12 کورسی هەیەو پلەی سێیەمی گرتووە.