تشرینی دووه‌م 16, 2018 07:43 Asia/Tehran
  • بەردەوام بوونی هەوڵەکان بۆ کەم کردنەوەی کێشە و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا

لە درێژەی هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ کەم کردنەوەی کێشە و ناکۆکیی نێوانیان، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕایگەیاند کە لە پێناو بەردەوام کردنی دانوستانەکان لێژنەیەک بەڕێ دەکات بۆ بەغدا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "سەفین دزەیی" وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕۆژی پێنجشەممە جەختی کرد بە سەرنج دانی هەندێ ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق و هەروەها وتووێژ سەبارەت بە هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان بەم زوانە شاندێک بەرەو بەغدا بەڕێ دەکرێ.

ئەو شاندە لە کاتێکدا بەرەو بەغدا بەڕێ دەکرێ کە لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی نوێی ئێراق باسی لە ئارادا بوونی ویست و ورەیەکی لێبڕاوانەی کرد لە پێناو چارەسەر کردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان دەوڵەتی ناوەندیی و هەولێر.

گرینگترین پەرس و بابەتی باسکراو لە نێوان دوو لایەن سەبارەت بە هەناردەی نەوت لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەشی ئەم ناوچەیە لە بودجەی ئێراق و باروودۆخی کەرکووک دەبێ.