تشرینی دووه‌م 19, 2018 18:36 Asia/Tehran
  • نوێنەری یەکێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق: دابینکرانی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان لەدیاریکرانی ڕێژەیی بودجە گرینگترە

نوێنەری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وتی: دابین کرانی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان لەوان مووچەی وەرزێران، پێشمەرگەو داواکاریی بەڵێندەران و بەشگە نەوتییەکان، لە دیاریکرانی ڕێژەیی بۆ بودجەی هەرێم لەبڕەبودجەی گشتیی٢٠١٩ی عێراق گرینگترە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "شێروان میرزا" لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی سومرییە نیوز، بەئاماژە بەوەی کە وتووێژی نێوان پارتە کوردستانییەکان لەگەڵ حکومەتی فدراڵ و کۆمیسیۆنی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەمەڕ بودجەی گشتیی٢٠١٩ی عێراق هەروا بەردەوامە، وتی: شاندێکی کوردستان چەند ڕۆژ لەوەپێش سەردانی بەغدای کردو لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق وتووێژی کردووە، بەڵام لەڕوانگەی کوردەکان دابین کرانی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وێنە، مووچەی وەرزێران، هێزی پێشمەرگەو داواکاریی بەڵێندەران و بەشگە نەوتیەیکان، لە دیاریکرانی ڕێژەیی بۆ بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی٢٠١٩ ی عێراق گرینگترە.

"شێروان میرزا " بەئاماژە بەوەی کە پارتە کوردستانییەکان چاویان بڕیوەتە هەوڵەکانی عادڵ عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبەر پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەریی کێشەی نێوان بەغداو هەولێر، وتی: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی حکومەتی ناوەندی ناتوانێ لەمپەر بێ لەبەردەم درێژەی وتووێژی نێوان بەرپرسانی حکومەتی ناوەندی و هەرێمدا.