تشرینی دووه‌م 20, 2018 15:58 Asia/Tehran
  • هەرێمی کوردستان، نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا دەکا

نوێنەری پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان وەفاداری مەرجی دەوڵەتی عێراقە بۆ ڕادەست کردنی نەوتەکەی لەهەمبەر وەرگرتنی بودجە لە بەغدا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "ڤیان سەبری" لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی ئێس، ئێن، ئێن ڕایگەیاند کە لە پڕۆژەبڕیاری بودجەی عێراقدا هاتووە کە بودجەی تەرخان کراو بە سێ پارێزگای هەولێر، دەهۆک و سلێمانی ١٢.٦٧ لەسەتا گشت بودجەی گشتیی عێراقەو مەرجی درانی ئەو بڕە بودجە بەهەرێمی کوردستانیش ڕادەست کردنی ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بۆ بەغدا، دیاری کراوە.

نوێنەری پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی عێراق وتی: هەوڵ دەدرێ هەتا کاتی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتی لە عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بۆ سەتا ١٧ ی ساڵانی ڕابردوو ، زیاد بکرێ و یان لەڕێگەگەلی دیکە بودجەی هەرێم زیاد بکرێ.

ناوبراو سەبارەت بە ڕادەست کرانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراق، پێی داگرت؛ هەرێم هەردەم پێبەند بووە بە ڕێککەوتنە ئەنجام گرتووەکان لەگەڵ بەغداو بێگومان ئەوجارەش پێبەند بووە بەو ڕێککەوتنەو نەوتەکەی لەهەمبەر بودجە ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکا.