تشرینی دووه‌م 21, 2018 11:48 Asia/Tehran
  • دانایی فەڕ: پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

ڕاوێژکاری ئابووریی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران دوای سەردانەکەی بۆ سلێمانی و دیداری لەگەڵ کاربەدەستانی ژووری بازرگانیی سلێمانی، پێی داگرت: بایکۆتەکانی ئەمریکا کار ناکاتە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکان نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستانی عێراق و ئەم پەیوەندییانە ھەروا بەردەوام دەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕادیۆی کوردی زمانی نەواوە، حەسەن دانایی فەڕ ڕاوێژکاری ئابووریی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران و باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق، لە سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستانی عێراق و دیداری لەگەڵ کاربەدەستانی ژووری بازرگانیی سلێمانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ھەر لەو شارە، ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بە تایبەتی ھەرێمی کوردستان، خاوەنی پێشینەیەکی مێژووییە و لە ھەموو بوارەکانداو بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و لە چوارچێوەی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکاندا بەردەوام دەبێت و پەرەش دەستێنێ.

سکرتێری بنکەی گەشە پێ دانی ئابووریی نێوان ئێران و عێراق و ڕاوێژکاری ئابووریی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، وتیشی: لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ژووری بازرگانیی سلێمانی، لە سەر گەشە پێ دانی پەیوەندیی دوو لایەنە جەخت کراوە.

ناوبراو وتووشیەتی: ھەشت خاڵی سەرسنووریی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستانی عێراق بە تەواوی چالاک دەبن و چالاکییەکانی بازرگانی و ئابووری لەم بوارگانە بەردەوامن و بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێرانیش ھیچ شوێنێک لە سەر پەیوەندییەکانی بازرگانیی ئێران و ھەرێم دانانێت، چونکو ھەرێمی کوردستان و بە تێکڕایی عێراق لەم بایکۆتانە وەلا نراون.

دانایی فەڕ جەختیشی کرد کە بازاڕی عێراق بۆ ئێران گرینگایەتییەکی تایبەتیی ھەیەو ئاستی پەیوەندییەکانی دوو وڵات لە ھەموو بوارێکدا باشە.

داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند.

قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە پێنجەمی نوامبەرەوە بەشێوەی فەرمی چووە واری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان لەوانە عێراق ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن.