کانونی یه‌که‌م 12, 2018 15:31 Asia/Tehran
  • واژۆکرانی حەوتەمین تەبایی نامە لە نێوان پارێزگاکانی سلێمانیی ھەرێمی کوردستانی عێراق و  سنەی ڕۆژئاوای ئێران

حەوتەمین تەبایی نامە لە نێوان پارێزگای سلێمانیی ھەرێمی کوردستانی عێراق و سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستان لە ڕۆژئاوای ئێران واژۆ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر، حەوتەمین تەبایی نامە لە نێوان پارێزگای سلێمانیی ھەرێمی کوردستانی عێراق و  سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستان لە ڕۆژئاوای ئێران واژۆ کراو لەم پەیوەندییەدا پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاندووە : ئامانج لە واژۆکرانی ئەو تەبایی نامەیە ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی بازرگانی لە خاڵە سنورییەکان و پاراستنی ئاسایشتی خۆراکە لە نێوان ئەو دوو پارێزگایەدا.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە شاندێکی بازرگانیی سەربە سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتیی بەهمەن مورادنیا پارێزگاری سنە لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگار و ئەندامانی ژووری بازرگانیی سلێمانیی ھەرێمی کوردستانی عێراق لە هوتێل تایتانیک کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا حەوتەمەین تەبایی نامەی هاوبەش لە نێوان ھەردووک لادا واژۆ کرا.

دوابەدوای ئەم کۆبوونەوەیەهەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ناوەڕۆکی تەبایی نامەکە بەردەوامیدانە بە کاری بازرگانی و ئاسانکاری هاتوچۆی بازرگانی لە خاڵەسنورییەکان و پاراستنی ئاسایشتی خۆراک و ئابووری لە نێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگای سنەدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە، تەبایی نامەکە تەنیا بواری بازرگانی ناگرێتەوە، بەڵکو هەردووک لا  کاردەکەن بۆ پاراستنی سنورەکان لە ئاودیوکرانی خۆراکی ماوەبەسەرچوو و ماددەی هۆشبەر.

پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو کە بەشێک لە تەبایی نامەکە تایبەت دەبێت بە هاتوچۆی دانیشتوانی هەردوو پارێزگای سنە و سلێمانی لە خالە سنورییەکاندا.

هاوکات بەهمەن مورادنیا پارێزگاری سنەش رایگەیاند، لە رێگەی بانکی ناوەندیی ئێرانەوە کار بۆ جێبەجیکردنی ئەو بڕیارە دەکرێت.

لای خۆشیەوە یاسین رەحیم جێگری سەرۆکی ژووری بارزگانیی سلێمانی رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا بازرگانەکانی سلێمانی سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کە لە تەبایی نامەکەدا ڕەچاو کراون.

جێگای ئاماژەیە کە پێشتر شەش تەبایی نامەی دیکە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەر دووک پارێزگای سلێمانی و سنەدا واژۆ کراوە.