کانونی دوھەم 12, 2019 16:59 Asia/Tehran
  • قۆڵبەست کرانی پەنجاو یەک کەس لە لایەنگرانی پەکەکە لە سلێمانیی عێراق

هێزی ئاسایشی سلێمانی لەکاردانەوە بە هەوڵدان بۆ پێشاندرانی فیلمێکی بەڵگەمەند لەبارەی ژیانی یەکێک لە ڕێبەرانی پەکەکە، پەنجا و یەک کەس لە ئەندامانی پارتی تەڤگەڕیی ئازادی و لایەنگرانی پەکەکە،ی لە پارکی ئازادیی ئەو شارە قۆڵبەست کرد.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، کەناڵی "ئێن ئاڕ تی" ڕاپۆری دا کە رۆژی هەینی٢١ی بەفرانبار(یازدەی ژانڤییە)، ئەندامانی تەڤگەڕی ئازادی لە سلێمانی کە وەک پارتی نزیک لە پەکەکە، لە هەرێمی کوردستان، دێتەئەژمار، پاش ڕێگریی هێزە ئاسایشییەکانی سلێمانی لە پێشاندرانی فیلمێکی بەڵگەمەند سەبارەت بە ژیاننامەی "سەکینە جانسز" لە ڕێبەرانی ترۆرکراوی پەکەکە، لە سینەما سالمی ئەو شارە، هەوڵیان دا ئەو فیلمە لە پارکی ئازادیی سلێمانی پێشان بدەن.

ئەو هەوڵەی ئەندامانی تەڤگەڕیی ئازادی ولایەنگرانی پەکەکە، کاردانەوەی هێزە ئاسایشییەکانی سلێمانی لێکەوتەوە کە لەو پارێزگایە لەژێر فەرمانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندان، و ئەو هێزانە دەستیان دایە قۆڵبەست کردنی پەنجاو یەک کەس لە کەسانی ئامادە لە شوێنی پێشاندرانی فیلمەکە.

بەپێی لێدوانی هاوسەرۆکان و وتەبێژی تەڤگەڕیی ئازادی، ژمارێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو پارتەو لایەنگرانی پەکەکە، لەسلێمانی و سەلاح خدر ڕۆژنامەنووس و ژمارێک شارومەندی ئاسایی، لەوان چەند ژن و منداڵیش لەنێو قۆڵبەست کراوان دان.

هێزە ئاسایشییەکانی یەکێتی نیشتمانی هەروەها پێشیان گرت بە بڵاوکرانەوەو پێشاندرانی فیلمی دێکۆمێنتی هاوپێوەند بە سەکینە جانسز و ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر ئازاد عەبدوڵڵا بەرپرسی کاروباری ڕاگەیاندن لە وەزارەتی فەرهەنگ و لاوانی هەرێم پێی داگرت کە فیلمی سێ رۆژ لە دە ساڵی هاوپێوەند بە ژیاننامەی سەکینە جانسز، لەلایەن ئەو وەزارەتخانەوە ئیزنی بڵاوبوونەوەی بۆ دەرکرابوو و هیچ بەربەست  وئاستەنگێک لەمەڕ بڵاوکرانەوەیدا نەبوو.

سەکینە جانسز لە ڕێبەرانی پەکەکە، هاوڕێ لەگەڵ فیدان دۆغان و لەیلا سویلمز لە یەکەم رۆژانی ساڵی٢٠١٣ی زایینی لە پاریس ترۆر کران.

کەناڵی "ئێن ئاڕ تی" ڕایگەیاند کە، ژمارێک لە قۆڵبەست کراوان پاش چەند کاژێر گیران ئازاد کراون و لەچارەنووسی ژمارێکی دیکەشیان هیچ زانیارییەک لەدەستدا نییە.

پاش قۆڵبەست کرانی پەنجاو یەک کەس لە ئەندامانی تەڤگەڕیی ئازادی(ڕەوتی نزیک لە پەکەکە، لە هەرێمی کوردستان) و لایەنگرانی پەکەکە، لە هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزی ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی، بزووتنەوەی نەوەی نوێ، پارتی کۆمۆنیست و یەکێتی بەندکراوانی سیاسیی هەرێم بەدەرکردنی بەیاننامەی جیاجیا، ئەو کردەیان بەتوندی شەرمەزار کرد.

لەهەمان کاتدا، رۆژی ڕابردوو سەرچاوەیەکی دیوانی سەرۆک کۆماریی عێراق، لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی خەنداندا ڕایگەیاند کە پاش داواکاریی سەرۆک کۆمار لە وڵاتی تورکیا، گەشتی ئاسمانیی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا، هەتا دوو حەوتەی داهاتوو دەس پێ دەکرێتەوە.