شوبات 14, 2019 20:06 Asia/Tehran
  • نوێنەرێکی پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی کوردستان: دوو پۆستی جێگریی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەدرێ بە پارتی و تورکمانەکان

نوێنەری پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە بەدەستەوەگرتنی دوو پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن پارتی دیموکرات و کەمینەی تورکمان، یەکلاکرایەوەو بەربژێری پارتی دیموکراتیش دەسنیشان کراوە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "ئومێد خۆشناو" لە دیمانە لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وتی کە پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کەبڕیارە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی وپارتی دیموکرات بۆ دیاریکرانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڕێوە بچێ، "رێوینگ هەروری" سەرۆکی کاتی پەرلەمان دانیشتنێک پێک دێنێ لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان بەمەبەستی دیاریکرانی بەرنامەو پلانی کاری ئەو دانیشتنە.

نوێنەری پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی کوردستان وتی کە بەپێی ڕێککەوتنەکان، پۆستی جێگری یەکەم و جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتی و هەروەها کەمینەی تورکمانەکان یەکلابووەتەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە هێمن هەورامی لەئەندامانی باڵای پارتی دیموکرات بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوەو نوێنەرانی ئەو پارتەش دەنگ دەدەن بە بەربژێرێک کە لەلایەن تورکمانەکانەوە بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی جێگری دووهەمی سەرۆکی پەرلەمان بناسێندرێ.

بڕیارە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش بدرێ بە بەربژێرێکی یەکێتی نیشتمانی .