شوبات 16, 2019 16:56 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئێران: تاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێ دەدا

وەزیری دەرەوەی ئێران پاش دیدار لەگەڵ "مەسرور بارزانی" ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستانی عێراق وتی: تاران پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق پەرە پێ دەدا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ شەممە٢٧ی ڕێبەندانی١٣٩٧ی هەتاوی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسایشیی مونیخ چاوی کەوت بە "مەسرور بارزانی" راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی کوردستانی عێراق ئامادە لەو جڤینە.

محەممەد جەوادی زەریف پاش ئەو دیدارە، لەدیمانە لەگەڵ پەیامنێران چەند کەناڵی هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕایگەیاند کە دیدار و وتووێژی ئەنجامگرتوو زۆر ئەرێنی و باش بوو.

زەریف وتی: لەو دیدارەدا، پەیوەندیی نێوان ئێران و عێراق و لەوناوەدا، هەرێمی کوردستان تاووتوێ دەکەین، دیدارەکە زۆر سەرکەوتووانە بوو. پەیوەندی لەگەڵ عێراق وهەرێمی کوردستان پەرە پێ دەدەین و پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمدا بەلامانەوە زۆر گرینگە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها وتی: پرۆسەی سیاسی، سەقام وئاسایشی هەرێمی کوردستان و پرسی سوریاو ڕۆژهەڵاتی فوڕات و جۆری تەعامول لەگەڵ مافی هەموو شارومەندانی سوریا، لە بابەتەکانی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنە بوو و دەبێ لە سوریا مافی کورد دەستەبەر بکرێ.

زەریف لەوەڵامدانەوە بە پرسیارێک لەبارەی داهاتووی پەیوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق وتی: گەڵاڵەو بەرنامەکانمان داڕێژراو لەسەر بنەمای پەرەپێدان بەپەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستانە.

کاتێک من لە هەولێر و سلێمانی بووم ، شاندێکی مەزنی بازرگانی وئابوریم لەگەڵدا بوو. ڕێککەوتنی بازرگانی لەنێوان دوولایەندا کراوە. سەبارەت بە هێنانەدی ناوچە ئازادە بازرگانییەکان لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنمان کردووەو ئەو بابەتە بۆ دوولایەن و ناوچەکە، ئەنجامی ئەرێنی دەبێ. پرسی ناوچەی ئازادی تیجاری و پیشەسازی لە ئاراستەی پەرەی بەرهەم و ئاڵووێرە بازرگانییەکان، گرینگی تایبەتی هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەکۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا وتی کە ئێران وهەرێمی کوردستانی عێراق، دراوسێن و سنوری هاوبەشیان پێکەوە هەیەو هەڕەشەو گوڕەسەی دەرەکی و لێدوانی بیانییەکان لەمەڕ ئەو پەیوەندییانەوە، هیچ بایەخێکی نییە.