ئادار 03, 2019 00:12 Asia/Tehran
  • سەردانی عەلاوی بۆ ھەرێم و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی کورد

ڕۆژی شەممە لە دوو سەردانى جیاوازدا ئەیاد عەلاوى سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتیمانى عێراق چاوی کەوت بە مەسعود بارزانى و کۆسرەت رەسوڵ عەلى کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق ، ڕۆژی شەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانىی نیشتیمانى عێراق کرد. لە دیدارەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە. هەروەها بیروڕا لەبارەی پێشڤەچوونەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و کوردستان و، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵوگۆڕ کرا.

هەر لە ھەمان ڕۆژدا لە شارى هەولێر، کۆسرەت ڕەسوڵ پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانى عێراق کرد.‎لەو دیدارەشدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دۆخی دوای جەنگی تیرۆر لە ناوچەکە، هەردووک لاش هاوڕابون لە سەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی یەکجارەکیان لە ناوچەکە.هەر لەو کۆبونەوەیەدا هەردوولا کۆک بوونی خۆیانیان لە پێویست بوونی گەییشتنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە قۆناغێکی تازە ڕاگەیاندو جەختیشیان کرد لەوەی کە هەرێم و بەغدا ناکۆکی و ململانێکانیان وەلا بنێن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و تازەیان هەبێ بۆ پرسەکان.لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ئینجا هەردوولا بەگرنگیشیان زانی کە پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە و لایەنەکان کۆببنەوە و کۆتایی بە ململانێکان بهێنرێ.

کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە دیدارەکەدا پێی داگرت، لەگەڵ ئەوەین کە شەراکەتی ڕاستەقینە ببێتە بنەمای حوکمڕانی لە کوردستان.

ناوبراو ھەروەھا ڕاشیگەیاند، وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەمیشە لەگەڵ کۆدەنگی و یەکهەڵوێستیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بوونەو ئێستاش هەڵگری ئەم بیرۆکەیەن و لەگەڵ ئەوەدان کە شەراکەتی ڕاستەقینە ببێتە بنەمای حوکمڕانی لە کوردستان.‎

لای خۆیەوە ئەیاد عەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانىی نیشتیمانى عێراقیش هیوای خواست کە دۆخی هەرێمی کوردستان ئارام بێ و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە قۆناغێکی گونجاودا تێپەڕێ و وتیشی، ھەرێمی کوردستان کلیلی ئارامیی عێراقە و عێراقیش کلیلی ئارامیی ناوچەکەیە.

سەرپەیڤ