ئادار 12, 2019 20:42 Asia/Tehran
  • یەکێتى و پارتى رێکنەکەوتن

کۆبونەوەکەى ئەمڕۆى نێوان مەکتەبى سیاسى یەکێتى و پارتى لە هەولێر بێ هیچ ئەنجامێک و گەیشتنە رێککەوتن کۆتایى هاتووە.

 

ئەمڕۆ دوشەممە، هەردوو مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان لە هەولێر کۆبونەوە سەبارەت بە دابەشکردنى پۆستەکان و داواکارى یەکێتى بۆ کابینەى نوێى حکومەت.

، بەپێى راپۆری پێگەی دەنگباسی سبەی ، کۆبونەوەکە بێ ئەنجام کۆتایى هاتوە و نەگەیشتونەتە رێککەوتن، بەوهۆیەشەوە دواى کۆبونەوەکە کۆنگرەى رۆژنامەوانى یان راگەیەندراوى هاوبەشیان نەبوو.

بە گوێرەی هەواڵەکە ، لە کۆبونەوەکەدا مەکتەبى سیاسى یەکێتى داواى بەشێک لەو پۆستانەى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کردوە کە بەپێى بەرکەوتە و رێککەوتنى سیاسى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان کە لە (18)ى مانگى رابردوەوە واژۆ کراوە و بۆ بزوتەوەى گۆڕان یەکلا بونەتەوە، لە بەرامبەردا شاندى پارتى جەختیان کردوەتەوە کە ئەو پۆستانە پیشتر لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان رێککەوتنیان لەسەر کراوە و "بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکارى بەسەردا ناهێنرێت".

هاوکات زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕو کە پارتى دیموکراتى کوردستان تا ناوەڕاستى هەفتەى داهاتو چاوەڕوانى یەکێتى دەکات بۆ دیاریکردنى ناوى کاندیدەکانى بۆ پۆستەکان بەتایبەت سەرۆکى پەرلەمان، "ئەگەر تا ئەو کاتە یەکێتى خۆى یەکلا نەکاتەوە، پارتى پرسى هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم دەباتە پەرلەمان و چاوەڕێى یەکێتى ناکات، لەپێناو ئەوەى پرۆسەى پێکهێنانى کابینەى حکومەت خێرا بکرێت و لەوە زیاتر دوا نەکەوێت".

ئەوە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ فراکسیۆنى یەکێتى بەشدارى دانیشتنى پەرلەمانى نەکرد کە دەنگ لەسەر ئەندامانى لیژنەکان درا.