ئادار 14, 2019 17:17 Asia/Tehran
  • دیداری سەرکونسولی ئێران لە ھەولێر لەگەڵ وەزیری نێوخۆی ھەرێمی کوردستان

مورتەزا عیبادی سەرکونسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر لەگەڵ کەریم سنجاری وەزیری کاروباری نێوخۆیی ھەرێمی کوردستانی عێراق دیدارو وتووێژی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە سەرکونسولخانەی ئێران لە ھەولێر، مورتەزا عیبادی لەم دیدارەدا وێڕای ئاماژە کردن بە ڕاپەڕێندرانی ڤیزەی ئلێکترۆنی لە سەرکونسولخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر، ھێندێکی لە بارەی شێوازی ڕاپەڕاندنی ئەم پرۆسەیەو بارستاییەکانی ڕوون کردەوەو وتی: ئامانجی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەولێر ئاسانکارییە بۆ گەشتی شارومەندانی عێراقی بۆ ئێران و لەم پەیوەندییەدا، ئەوپەڕی ھەوڵی خۆمان بۆ ئاسودەیی و ڕێزنانی زیاتر لە داواکارانی گەشت کردن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران چڕ دەکەینەوە.

لە درێژەی ئەم دیدارەدا، پێویستیی خێرا کردنەوەی ڕەوتی گواستنەوەی زیندانیانی ئێرانی لە ھەرێمەوە بۆ ئێران و ئاسانکاری بۆ سەردانی گەشتکاران بە ترۆمبیلی خۆیان بۆ ئێران و ئاگادار کردنەوە لە پەیوەندی لەگەڵ لابردنی ڤیزەو مۆری ھاتوچۆش تاوتوێ کرا.

کەریم سنجاری وەزیری کاروباری نێوخۆی ھەرێمی کوردستانی عێراقیش وێڕای ستایش کردن، جەختی کرد لە سەر ڕاسپاردنی بەرپرسانی بازگەی سنوورە ھاوبەشەکان و ھەروەھا ڕاگەییشتن بە دۆسیەی زیندانییە ئێرانییەکانی نێو ھەرێم.

ناوبراو ھەروەھا لە بارەی پەیوەندییە سنوورییەکانیش وتی: ھەوڵ دەدەین کە بە پێ و شوێن گرتن و نەھێشتنی کەم و کوڕییەکانی ئێستا، یارمەتیی پەرەسەندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بدەین.

وەزیری کاروباری نێوخۆی ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەروەھا باسی ڕەزامەند بوون لەمەڕ وەرنەگرتنی ٢٥ ھەزار دینار حەقی چوونەنێو ھەرێمی کرد لە بەرواری ١٥ ھەتا ٢٥ مارس.