نیسان 18, 2019 19:40 Asia/Tehran
  • سەرکۆنسولی ئێران لە سلێمانی بۆ کوردپرێس: وەرگرتنی باج لە موسافرانی ئێرانیی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێندرا

سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانیی عێراق لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی کوردپرێس ڕایگەیاند، وەرگرتنی باج لە موسافرانی ئێرانیی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێندرا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "سەعدوڵڵا مەسعودیان" سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەیفونی لەگەڵ کوردپرێسدا وتی: لە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ٢٩ی خاکەلێوەی١٣٩٨وە وەرگرتنی باجی٢٥هەزار دیناری لە ئێرانیانێک کە سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەن، هەڵوەشێندرا.

مەسعودیان پێی داگرت، پاش پێوشوێن گرتن و وتووێژ لەگەڵ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێیان ڕاگەیێندراوە، لەمڕۆ بەدواوە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی نێوان تاران وبەغدا جێ بەجێ دەکاو لەشارومەندانی ئێرانی لەکاتی دەرکرانی ڤیزای هەرێم، بڕی٢٥هەزار دیناری پێشوو وەرناگرێ.

ڕێککەوتن لەسەر ڤیزای بێ پارە لە نێوان ئێران و عێراقدا، لە سەفەری ئەم دواییەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق و لە مانگی ڕەشەمەی ڕابردوو، ئەنجامی گرت و سەرکۆنسولەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان وەک نوێنەرایەتییەکانی دیکەی ئێران لە عێراق لەڕۆژی دووشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٨وە هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کۆماری ئیسلامی ، لەمەڕ دەرکرانی ڤیزای بێ پارە هەنگاویان ناو چەشنی جۆراوجۆری ڤیزا لەوان ڤیزای چوون، گەشتیاری، زیارەتی، خوێندن، کار، پزشکی، خێزانو... بە لەبەرچاوگرتنی یاساو ڕێسای هاوپێوەند، بۆ شارومەندانی هەرێم وعێراق، هیچ تێچوویەکی نابێ.

ئێستا شارومەندانی عێراقی و هەرێمی کوردستان دەتوانن بێ دانی پارە، ڤیزای سەفەر بۆ ئێران بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر وەربگرن، بەڵام هەتا بەمڕۆ٢٩ی خاکەلێوە، هەرێمی کوردستان ئەو ڕێککەوتنەی جێ بەجێ نەکردبوو و لەشارومەندانی ئێرانی لەکاتی دەرکرانی ڤیزای هەرێم، بڕی٢٥هەزار دیناری وەردەگرت.