May 19, 2019 11:56 Asia/Tehran
  • ڕاگەیەندرانی کاتی شیمانەیی پێکهاتنی دەوڵەتی نوێی هەرێمی کوردستان

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە کاتی پێکهاتنی دەوڵەتی نوێ بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی پێشوو دواخراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێرانەوە لە کەناڵی تەلەڤزیۆنیی کوردستان تی ڤی؛ مێدیای سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) ، سەفین دزەیی وتە بێژی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕایگەیاند: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی  یاسایی دیاریکراو دەس نیشان دەکرێ و کاری خۆی دەست پێ دەکات.

سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بەربژاری پارتی بە سەر هەرێمی کوردستان بە پێی ڕێککەوتنی نێوان پارتەکان لە سەر پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ، یەکلا بۆتەوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژێردرانی سەرۆکایەتی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: کاتی دیاریکراو بۆ تۆمار کردنی ناوی بەربژارانی پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ١٥ی مانگی مەی بوو، پاش یەک هەفتە ناوە تۆمار کراوەکان دەخرێنە بەر لێکۆڵینەوە و لە کۆبوونەوەی ئاشکرای پەرلەماندا دەخرێنە بەر دەنگدانەوە، پاشان سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان سوێند دەخوات و ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە دەس بە کار کردنی سەرۆکی هەرێم ماوەیەک بخرێتە دواوە.

سەفین دزەیی سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستانیش وتی: پاش دەس بە کار کردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان ، ئەو بەربژاری پێکهێنەری دەوڵەتی نوێ دەس نیشان دەکات و سەرۆک وەزیرانی نوێیش یەک مانگ دەرفەتی دەبێ بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران و بە بڕوای ئێمە هەتا ١٥ی ژوەنی ٢٠١٩ دەوڵەتی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت.