ته‌مووز 16, 2019 13:48 Asia/Tehran
  • ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان:
لەسەر ئاستی هەرێم گەندەڵی لەسەرجەم بوارەکاندا بوونی هەیە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند لەسەر ئاستی هەرێم گەندەڵی لە سەرجەم بوارەکاندا بە وەزارەتی پێشمەرگەشەوە بوونی هەیە، بەڵام هیچ کەسێک هەوڵی دۆزینەوە و چارەسەرکردنی نەداوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: ڕەنگە هەنگاوی زۆر گەورەیان نەنابێت بۆ لە ناوبردنی گەندەڵی بە یەکجاریی و تائێستاش لێکۆڵینەوە نەکراوە و هیچ کەسیش سەردانى نەکردوون بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوە دەربارەی گەندەڵییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بکات.

جەبار یاوەر، دەڵێت: " لە وەزارەتی پێشمەرگە، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگەمان هەیە، هەروەها دیوانی چاودێریی دارایی حکوومەتی هەرێممان هەیە، دەستەی دەستپاکیش هەیە خۆ ئەمانە دەتوانن دۆسیەی گەندەڵی دەربخەن، بەڵام بۆچی نایکەن"؟

ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانى هەرێم خۆیان چەندین جار دانیان ناوە بەوەى لە ماوەى حوکمڕانییاندا لە هەرێمى کوردستان لە ٢٨ ساڵى ڕابردوودا شەفاف نەبوون و گەندەڵى تەواوى جومگەکانى وڵاتى گرتووەتەوە و هەرچەندە چەندین لیژنەیان لەبارەوە بۆ دروست کراوە، بەڵام نەتوانراوە بنەبڕ بکرێت.

مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی نوێی هەرێمیش لە یەکەم وتاردانیدا پاش سوێند خواردنی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان پێی داگرت کە گەندەڵیی  لە ئاستێکی بەربڵاودا هەموو ناوەندەکانی دەسەڵاتی هەرێمی گرتۆتەوە و دەوڵەتی نوێ بە پێی ویست و خواستی خەڵکی هەرێم، بەرەنگاربوونەی گەندەڵی کردووە بە پلانی سەرەکیی خۆی.