ته‌مووز 17, 2019 21:52 Asia/Tehran
  • ئاگاداری نامەی ھێزە ئاسایشتییەکانی ھەولێر لە بارەی تەقە کردن لە کارمەندانی کونسولخانەی تورکیا

سەرکردایەتیی ھێزە ئاسایشتییەکانی ھەولێر لە ئاگاداری نامەیەک دا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ڕووداوی تەقە کردن بەرەو کارمەندانی کونسولخانەی تورکیا لە چێشتخانەیەکی ئەم شارە، ژمارەی بەرکەوتووانی ئەم شاڵاوەی دوو کوژراوو بریندارێک ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی ژولای کاتژمێر دووی نیوەڕۆ بە کاتی خۆجێیی، کۆمەڵێک لە کارمەندانی کونسولخانەی تورکیا لە ھەولێر لە چێشتخانەیەکی ئەم شارەدا لە لایەن چەکدارێکی نەناسراوەوە درانە بەر دەمانچە.

سەرکردایەتیی ھێزە ئاسایشتییەکانی ھەولێر  وێڕای ئیدانەکردنی ئەم ھێرشە دڵنیایی داوە کە ئاسایشتی تەواوی دیپلۆماتە بیانییەکان و شارومەندانی ھەولێر دابین دەکات و ھۆکارانی ئەو پەلامارەش بەم زووانە ناس دەکات و سزایان دەدات.

ھەروەھا لەو ئاگاداری نامەیەدا جەخت لە سەر ئەوە کراوە کە ھێزەکانی ئاسایشت ماوەی ئەوە نادەن کە ئاسایشتی ھەولێر لە لایەن ھیچ ڕەوتێکەوە بخرێتە مەترسییەوەو لێکۆڵینەوەی پێویست لە بارەی ئەم ڕووداوەش دەستی پێ کراوە.

تەلەفزیۆنی ڕووداو ژمارەی کوژراوانی ئەم ھێرشەی سێ کەس لەوانە یاریدەری سەرکونسولی تورکیا لە ھەولێر بریندار بوونی یەک کەسیش ڕاگەیاندووە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە گێڕانەوە لە کاربەدەستانی ئاسایشتی ھەولێر ژمارەی کوژراوانی سێ کەس ڕاگەیاندووە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم ھەواڵە باسی کوژرانی دیپلۆماتێکی ئەم وڵاتەی کردووە لە ئەنجامی ئەم تەقە کردنەو سەرکردایەتیی ھێزە ئاسایشتییەکانی ھەولێریش بە دەرکردنی ئاگاداری نامەیەکی فەرمی ڕایگەیاندووە کە لەو پەلامارەی کە لە چێشتخانەکەدا ئەنجامی گرتووە کارمەندێکی کونسولخانەی تورکیا لە ھەولێر و شارومەندێکی ئاسایش کوژراون و ئافرەتێکیش بریندار بووە.

ئەم وەزارەتخانەیە له‌ روونکردنه‌وه‌یەکدا جەختی کردووە، ئه‌مڕۆ دوای نیوه‌ڕۆ کارمه‌ندێکی کۆنسولخانه‌ی تورکیا له‌ هه‌ولێر کاتێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی بینای کۆنسولخانه‌که‌ بووه‌ به‌ هۆی هێرشێکی چه‌کداریی قێزه‌ونه‌وه‌ گیانی لەدەست داوە.

له‌ روونکردنه‌وه‌که‌دا هاتووه‌ ''هه‌وڵه‌کانمان درێژه‌ی هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی به‌رپرسانی عێراق و لێپرسراوانی ناوخۆییه‌وه‌‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی خێرای ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌که‌.

هەروەها لەمبارەوە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە توویتێکدا رایگەیاند: ئیدانەی هێرشەکەی سەر کارمەندانمان لە هەولێر دەکەین و لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیداین بۆ دۆزینەوەی تاوانباران بە زووترین کات.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاندووە: لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر رووداوەکەی هەولێر بە تەلەفۆن قسەی کردووە.

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە یەکەم لێدوانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن دوای رووداوەکەی هەولێر رایگەیاند: "لەسەر رووداوەکەی هەولێر پەیوەندیم بە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانییەوە کردووە و لە پەیوەندیداین بۆ دۆزینەوەی تاوانباران".

چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراقیش پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجام داوە، لەبارەی رووداوەکەشەوە، گوتی: "دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و کەسێکیش بە سەختی بریندارە. یەکەم کەسیش کە پەنجەی تۆمەتی بۆ رابکێشین و بێتە مێشکمانەوە پەکەکە-یە، بەڵام ئێمە هەر لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین مادام خەڵکی عێراقیش لەنێو قوربانییەکاندان".