ته‌مووز 18, 2019 00:18 Asia/Tehran
  • گەڕانەوەی دەستبەجێی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەولێر لە بەر ڕووداوی تەقەکردن لە تیمێکی کونسوڵخانەی تورکیا

پاش ڕووداوی تەقەکردن لە تیمێکی کونسوڵخانەی تورکیا لە ھەولێر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستبەجێ کۆتایی بە گەشتەی ھەندەرانی دێنێ و دەگەڕێتەوە.

بە پێی ھەواڵی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی سپی میدیا، کەناڵی "خەبەر تورک" ڕایگەیاندووە: بەهۆی تەقەکردن لە تیمێکی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی کۆتایی بە گەشتەکەی لە دەرەوەی وڵات دەهێنێت و بەپەلە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەر سەبارەت بەو ڕووداوە ئەو میدیا تورکیە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە وەفدێک لە ئەنقەرەوە بەرەو هەولێر دەنێردرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەپێی ئەو زانیاریە سەرەتاییانەی لە چەند سەرچاوەیەکەوە لەشاری هەولێرەوە دەست کەوتوون "پێناچێت هۆکاری پشت هێرشەکەی سەر تیمی کونسولخانەی تورکیا لە هەولێر پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەبێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە زانیاریە سەرەتاییەکان ئەوەیان ئاشکراکردووە کە پێدەچێت بکەری ڕووداوەکە کەسانی ناسراوبن.

هاوکات دیار دەنیز، بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل باڵی سەربازیی پەکەکە ڕایگەیاندووە "ئاگاداری ڕووداوی تەقەکردن، کوشتن و برینداربوونی بەرپرسانی کونسولخانەی تورکیا لە شاری هەولێر نین".

هەروەها دەشڵێت "هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ڕووداوەکەوە نیە و تەنیا لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستومانە".

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەی بۆ ئەوە دەکەن کە "ڕووداوەکە لە گەڕەکی عەینکاوای شاری هەولێر قەوماوەو ئەو بەرپرسەی کوژراوە جێگری کونسوڵی تورکیایە و دوو کەسی دیکەی کونسوڵخانەکەش کوژراون".

هاوکات پاش چەند کاژێرێک لە ڕووداوەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لەسەر هێرشی سەر کارمەندانی کونسوڵخانەکەی تورکیا لە هەولێر هاتە دەنگ و وتوویەتی: "لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و کاربەدەستانی ناوچەکە لە پەیوەندیداین بۆ دۆزینەوەی تاوانباران".

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە،پەرلەمانی ھەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە: بە توندی ئیدانەی کوژرانی دیپلۆماتکارێکی تورکیا دەکەین، کە لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردن لە چێشتخانەیەکی هەولێردا کوژراوە.

پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو  تێیدا باسی ئەوەی کردووە کە "بە توندی ئیدانەی کوژرانی دیپلۆماتکارێکی تورکیا دەکەین، کە لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردن لە چێشتخانەیەکی شاری هەولێر کوژراوە، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی کونسولخانه‌ی تورکیا و حکومه‌تی تورکیا ده‌که‌ین و داواکارین لە دامەزراوە ئەمنییەکان بە پەلە تاوانکاران دەستگیربکەن و بە سزای یاساییان بگەیەنن".

ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە، پەرلەمانی کوردستان ئەو جۆرە رووداوانە بە هەڕەشە لە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و تێکدانی دۆخی ناوچه‌که‌  دەزانێت و هه‌روه‌ها هەوڵێکه‌ بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشیی هەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەمەش دا پەرلەمانی ھەرێم ڕایگەیاندووە:دووپات له‌ دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیه‌کی باش و به‌هێز له‌گه‌ل ولاتانی دراوسێ ده‌که‌ینه‌وه‌.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ژولای کاتژمێر دووی نیوەڕۆ بە کاتی خۆجێیی، کۆمەڵێک لە کارمەندانی کونسولخانەی تورکیا لە ھەولێر لە چێشتخانەیەکی ئەم شارەدا لە لایەن چەکدارێکی نەناسراوەوە درانە بەر دەمانچە کە لە ئەنجام دا چەند کەسێک کوژران و بریندار بوون.