ئه‌یلوول 08, 2019 17:49 Asia/Tehran
  • نێچیرڤان بارزانی و شاندی هەدەپە کۆبونەوە ،سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئێستا کاتی ئاشتییە لە تورکیا

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی هەدەپە لە هەولێر کۆبونەوە و بارزانی رایگەیاند، ئێستا کاتى ئاشتییە و پرسى کورد لە تورکیا دەبێ لە ڕێگەى ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبونەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی و  شاندی باڵای هەدەپە بەسەرۆکایەتی سەزای تەمەللی، بارزانى رایگەیاندوە، "ئێستا کاتى ئاشتییە و پرسى کورد لە تورکیا دەبێ لە ڕێگەى ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت، چونکە شەڕهیچ شتێک چارەسەر ناکات و نابێت هیچ دەرفەتێک بۆ ئاشتى لە تورکیا لەدەست بدرێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە هەوڵەکانى بۆ دەسپێکردنەوە و سەرخستنى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا بەردەوام دەبێت و لەم پێناوەدا هەرچى پێویست بێت، درێخى ناکەن.

لاى خۆیەوە شاندى هەدەپە وێڕاى پیرۆزبایى لە نێچیرڤان بارزانى بۆ دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست و سوپاسى هەوڵ و کۆششەکانى ڕابردو و ئێستاى بارزانییان بۆ ئاشتى کرد و دوپاتیان کردەوە، "ئاشتى لە بەرژوەندیى تەواوى گەلانى تورکیادایە و گەلى کورد خوازیارى ئاشتى و چارەسەرى ئاشتیانەیە".