تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 19:42 Asia/Tehran
  • سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق: کورد لە چوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە، مەھێڵن تووشی کارەساتێکی تر ببێت

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە بۆ کۆمەڵی نێو دەوڵەتی جەختی کرد: کورد لەچوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە، مەھێڵن تووشی کارەساتێکی تر ببێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە لە سەڵاحەددین پێشوازی لە ستیڤ ڤیگن، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی دۆخی سوریا و ئەگەری ڕوودانی شەڕ و کارەسات گفتوگۆی ورد و ڕاشکاوانەیان کرد.

مەسعود بارزانی وێڕای قۆستنەوەی ھەلی دانیشتنەکەی لەگەڵ کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر ، داوای لە ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر کرد کە بۆ پاراستنی کوردانی سووریا ڕۆڵی خۆیان ببینن.

ناوبراو جەختی کرد: کورد لەچوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە و ئێستا چاوەڕوانیمان لە ئەمەریکا و هاوپەیمانان و کۆمەڵی نیودەوڵەتی ئەوەیە کە ڕێگە نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە  تووشی کارەساتێکی دیکە ببێت چونکو لەو بارەیەوە بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لە دانیشتنەکەدا جارێکی دیکە نیگەرانیی قوڵی خۆی لە ئەگەری ڕوودانی کارەسات بۆ کوردانی سوریا دەربڕی و داوای کرد ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ پاراستنیان ڕۆڵی خۆیان ببینن.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەڵاحەددین، پێشوازی لە ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، کۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر کردو لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەتایبەت ئەگەری شەڕ و ئاڵۆزی زیاتر لە باکووری سوریا تاوتوێ کرا و هەروەها بیروڕایش لەبارەی پڕۆسەی سیاسی عیراق گۆڕدرایەوە.

سەرپەیڤ