تشرینی یه‌که‌م 15, 2019 17:59 Asia/Tehran
  • گەشتکردنی دانیشتوانی هەرێم بۆ تورکیا بەڕێژەی 75% کەمی کردووە

لە ماوەی کەمتر لە هەفتەک و لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا ، گەشتکردنی هاونیشتمانییان بۆ ئەو وڵاتە بەڕێژەی 75% کەمیکردووە.

 

لاوەند مەموەندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا ، گەشتکردن لە بواری گەشتوگوزاری بۆ تورکیا بەڕێژەی 75% کەمی کردووە و، بلیتی چوون ‌و گەڕانەوە بە فڕۆکە لە هەولێر بۆ ئیستەنبووڵ لە نزیکەی 400 دۆلارەوە بۆ 250 دۆلار دابەزیوە".

تورکیا بە یارمەتیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانی سووریا لە 9-10-2019 هێرشێکی فراوانی کردە سەر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا دەیان هەزار هاونیشتمانی ئاوارەبوون و ژمارەیەکی زۆریش گیانیان لەدەستدا سەرەڕای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان دژی ئەو هێرشەی تورکیان، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکەی.

سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، باسی لەوەش کرد، ئێستا ئاڕاستەی گەشتکردن بۆ گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستاندا گۆڕانکاری بەسەر هاتووە "پێشتر گەشتکردن زیاتر بۆ تورکیا بوو، ئێستا بە ئاڕاستەی دوبەی گۆڕاوە".