تشرینی یه‌که‌م 16, 2019 17:28 Asia/Tehran
  • گەییشتنی ٩٣٠ ئاوارەی کوردی سووریا بە ھەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ٩٣٠ کەس لە ئاوارەکانی کوردستانی سووریا گەییشتوونەتە پارێزگای دھۆکی ھەرێمی کوردستان.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: ھەتا ئێستا ٩٣٠ ئاوارەی کوردی سووریا دوابەدوای ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کورڕدنشینەکانی سووریا گەییشتوونەتە پارێزگای دھۆکی ھەرێمی کوردستان.

ناوبراو وتیشی: شەوی رابردوو ٤٢٧ ئاوارەی دیکەی باکووری سووریا گەیشتنە هەرێمی کوردستان، بەوەش ژمارەی ئاوارەکانی کوردستانی سووریا کە لە چەند رۆژی رابردوو روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە گەیشتە ٩٣٠ کەس. لەم بوارەدا ١٠٠ ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی و مرۆڤ دۆستانەش بۆ یارمەتی دانی ئاوارەکان ئامادە بوونی خۆیانیان ڕاگەیاندووە.

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە کە، ئەو ئاوارانە ئەمڕۆ چوارشەممە دەگوازرێنەوە بۆ کەمپێک لە قەزای بەردەڕەشی پارێزگای دھۆک کە پێشتر شوێنی نیشتەجێ کرانی ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا بووەو لەپاش گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە ئێستادا چۆڵەو ئامادەی وەرگرتنی ئاوارەکانی کوردی سووریایە.

ئیدارەی کەمپی بەردەڕەش بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان، ١٤٠ خێوەتیان ئامادەکردووە بۆ پێشوازی کردن لەو کەسانەی کە بەهۆی هێرشی تورکیا و گرووپە تیرۆریستییەکانی  سووریا بۆ سەر وڵاتەکەیان، ناچاربوونە ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن.

بە پێی ڕێژەکان لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٤١ هەزار ئاوارە‌ و پەنابەر هەن، لەو ژمارەیەش پێش رووداوەکانی ئەم دوایە ٢٢٩ هەزاریان ئاوارەی کوردستانی سووریا بوون کە لەماوەکانی رابردوو چووبوونە هەرێمی کوردستان.

ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە لە بەر ھێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا ھەتا ئێستا ٢٧٠ ھەزار کەس لە دانیشتوانی ئەم ناوچانە ئاوارە بوونە.