تشرینی یه‌که‌م 18, 2019 16:51 Asia/Tehran
  • پێداگریی لەسەر بەرگرتن لە گۆڕانی دیموگرافیای باکوری سووریا لە چاوپێکەوتنی نێوان لۆدریان و مەسعود بارزانی

لەمیانەی چاوپێکەوتنی نێوان وەزیری دەرەوەی فەڕانسە و ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق، جەخت کرا لەسەر پاراستنی مافی کوردەکانی سووریاو بەر گرتن لە گۆڕانی دیموگرافیای نێوان ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ئەمڕۆ هەینی١٨ی ئۆکتۆبر، ژان ئیڤ لۆدریان، لەچوارچێوەی سەفەری بۆ هەرێمی کوردستان و درێژەی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات وتووێژی کرد.

کەناڵی کوردستان٢٤ لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنە، ڕایگەیاند، لۆدریان بەئاماژە بەوەی کە حەوتەمین جارە سەردانی هەرێم دەکا، گوتی کە ئامانج لەو سەفەرە، ڕاگەیاندنی داکۆکی وڵاتەکەی لە کوردانە.

لەو چاوپێکەوتنەدا، بارزانی وێڕای سوپاس وێژی لە یارمەتییەکانی فەڕانسە بە کوردان و بەتایبەت بە هەرێم، سەبارەت بە گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییەی سوریا وتی کە پێویستە لەهەرچەشنە ڕێککەوتن و ڕێکارێک بۆ دۆخی ئێستای سوریا، فیداکاریی کوردانی سوریا لە شەڕی دژ بەداعش و ئەو قوربانیانەی داویانە، لەبەرچاو بگیرێ و مافەکانیان پارێزراو بێ.

ناوبراو داوای لە لۆدریان کرد فەڕانسە وەک دۆست و برادەری کوردان وبەشێک لە هاوپەیمانیی جیهانیی دژە داعش، هەوڵی پێویست هەڵبگرێ بۆ پێش گیران بە گۆڕانی دیموگرافی و دارشتی حەشیمەتیی ناوچە کوردنشینەکانی سوریاو سەرهەڵدانی کارەساتی مرۆیی.

مەترسیی گەڕانەوەی دوبارەی داعش و گرووپە هاوشێوەکان بەشێکی دیکە لە تەوەری وتووێژی ئەو چاوپێکەوتنە ڕاگەیێندراو لۆدریان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی وڵاتەکەی لە بوژانەوەی دووبارەی ترۆر پاش شەڕی هەڵایساو لەناوچەدا، پێی داگرت لەسەر هاوکاریی فەڕانسەو هەرێم لەبەرەوڕووبوونەوەی ترۆردا.

بارزانی وتی کە دۆخی ئێستا، ڕێی واڵا کردووە بۆ گەڕانەوەی تاقمە ترۆریستییەکان و داعش و گرووپە ڕەشەکوژەکان جارێ درێژە دەدەن بە ژیانی خۆیان و ئەو بارودۆخە، بوارخۆشکەرە بۆ بەهێزبوونەوەیان.

ناوبراو وتیشی؛ شەڕی دژ بەترۆر نابێ تەنیا لەڕێی سەربازیی ئەنجام بگرێ، بەڵکوو دەبێ لەبواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری وئایدۆلۆژیاش بەرەوڕووی بیروهزری ترۆریستی بینەوەو ئەو گرووپانە بنبڕبکرێن.

لۆدریان پێشتر چاوی کەوت بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.