کانونی یه‌که‌م 05, 2019 11:38 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر درانەوەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ، بەئاماژە بە چەند خاڵێکی ڕێککەوتنەکەی هەولێر وبەغدا لەسەر بودجەو نەوت، ڕایگەیاندکە ئەو ڕێککەوتنە، درانەوەی قەرزە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێ.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، ئاوات شێخ جەناب لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە هەولێر کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجامی گرت، لەوەڵامدانەوە بە پرسیاری پەیامنێران لەبارەی دانوستانی ئەم دواییەی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراق وتی: هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق ئەنجامی داوە، بڕیارە رۆژانە٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەشگەی نەوتیی عێراق(سۆمۆ) بکا، و داهاتەکەشی دەخرێتەنێو خەزێنەی حکومەتی ناوەندی.

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بێ ئاماژە بە وردە بابەتی ڕێککەوتنەکە، وتی: لەبارەی قەرزە دەرەوەییەکانی هەرێمی کوردستان و درانەوەی، لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق وتووێژمان کردو لەوبارەشەوە ڕێککەوتن کرا.

شێخ جەناب وتی : شاندی وتووێژکاری هەرێم لە بەغدا ئەرکی خۆی لەمەڕ گونجاندنی داواکاریەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی٢٠٢٠ی عێراق سەرکەوتووانە جێ بەجێ کردو بێتوو بەغدا پێبەندی ڕێککەوتنەکەو بڕگەکانی هاوپێوەند بە بودجە بێ، کێشەی درانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانیش چارەسەر دەبێ.

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانی عێراق هەروەه ڕایگەیاند ، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کەمکرانی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بەگوێرەی بڕیارە سیاسیەکان بووەو ئێستا پرۆژەبڕیاری بودجەی٢٠٢٠ بۆ پەسەندکران لەدەست ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دایە.