کانونی یه‌که‌م 05, 2019 15:35 Asia/Tehran
  • گیان لەدەست دانی سێ ئەندامی ھێزی پێشمەرگە لە ئەنجامی شاڵاوەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر خانەقین

شاڵاوەکەی شەوی ڕابردووی تاقمی تەکفیریی داعش بۆ سەر ناوچەی کوڵەجۆی سەر بە خانەقینی پارێزگای دیالەی عێراق،گیان لەدەست دانی سێ ئەندامی ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان و بریندار بوونی دووکەسی دیکەی لێ کەوتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٩ بە کاتی خۆجێیی چەکدارانی داعش لە ناوچەی خانەقینی سەربە ارێزگای دیالەی عێراق، ھێرشێکی کردە سەر مەتەرێزەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کوڵەجۆی نێوان کەلارو جەلەولا.

لەم پەیوەندییەدا کەناڵی ڕووداو وای بڵاو کردووەتەوە کە ئومێدمەجید سەرۆکی پۆلیسی کەلار ڕایگەیاندووە کە لە تێکھەڵچوونی نێوان ھێزی پێشمەرگەو چەکدارانی داعش سێ پێشمەرگە گیانیان لەدەست داو دووکەسی دیکەش بریندار بوون کە باری تەندروستیی یەکێکیان بە شپرزە ڕاگەیەندراوە.

شەوی شەممەی ڕابردووش ھێرشێکی دیکە لە لایەن داعشەوە کرایەسەر کوڵەجۆ کە ئەمەش گیان لەدەست دانی سێ پێشمەرگەو بریندار بوونی چوار ئەندامی ھێزی ئاسایشت و سێ شارومەندی سڤیل لەوانە دوو منداڵی لێ کەوتەوە.