کانونی یه‌که‌م 05, 2019 15:53 Asia/Tehran
  • نیگەرانی دەربڕینی نێچیرڤان بارزانی لە پەرەسەندنی جوڵانەوەکانی داعش

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای لە ھاوپەیمانیی جیھانی دژی تاقمی تەکفیری تیرۆریستیی داعش کرد کە بەرنگاری ئەم تاقمە دڕندەیە ببنەوە.

لەپاش شاڵاوەکەی شەوی ڕابردووی تاقمی تەکفیریی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی کوڵەجۆی سەر بە خانەقینی پارێزگای دیالەی عێراق، کە گیان لەدەست دانی سێ ئەندامی ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان و بریندار بوونی دووکەسی دیکەی لێ کەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەدەرکردنی بەیاننامەیەک ھەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە شاڵاوەکەی شەوی ڕابردووی تاقمی تیرۆریستیی داعش لە خانەقین پیشان دا.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە، پەلاماری داعش بۆ سەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە خانەقین، دوابەدوای زنجیرەیێک کردەوەی تیرۆریستیی یەک لە دوای یەکی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک و گەرمیان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە داعش کۆتایی نەهاتووە و هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشتی ناوچەکە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی ئاگاداری نامەکەی شارومەندانی ھەرێمی کوردستانی دڵنیا کردووەتەوە کە، هێزی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی دیکەی کوردستان وەک هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی هەر جووڵەیەکی تیرۆریستان و پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لە هەر مەترسییەک.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، داعش هێشتا هەرەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان، دڵنیاین ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە خەریکی خۆڕێکخستنەوە و قۆستنەوەی بارودۆخەکەیە بۆ پەرە پێ دانی ھەنگاوە تیرۆریستییەکانی.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ھەروەھا داوای چڕ کرانەوەی تەواوی ھەوڵەکانیشی کرد بۆ کۆتایی ھێنای یەکجاری و ھەرچی خێراتری ڕەوشتی تێکچڕژاوی عێراق و گەڕاندنەوەی ھێوری و ئارامی.