کانونی یه‌که‌م 05, 2019 16:09 Asia/Tehran
  • سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان: ھیچ پاسایەک بۆ نەدرانی بەشەبوجەی ھەرێمی کوردستان نییە

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وتی: ڕادەست کرانی نەوت لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە بە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق ھیچ پاسایەکی بۆ نەدرانی بەشە بوجەی ھەرێمی کوردستان نەھێشتووەتەوە.

ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە ھەولێر وتیشی: عێراق ٦٢ ملیارد دۆلار قەرزی بیانیی وەرگرتووە لە کاتێکدا کە لەو گوژمەیە ھیچی بەر ھەرێمی کوردستان نەکەوتووە، بەڵام بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە لێک گەیینێکی باش لەنێوان ھەردووک لادا ھەیە.

ناوبراو ئەوەشی ڕوونکردەوە کە: زانیارییەکی تۆکمەوتەواو لە بارەی قەرزەکانی ھەرێم دەخەینە بەردەستی بەغداو دانەوەی ئەو قەرزانەش لە بوجەدا ڕەچاو کراوە.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژەکردن بەوەی کە ھەرێمی کوردستان لە بەرزکردنەوەی ئاستی داھاتی عێراق بەشدارییەکی چالاکانەی دەبێت، وتیشی: ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە لەمانگێکدا ٤٥٢ ملیارد دینار  دراوە بە ھەرێمی کوردستان.