کانونی یه‌که‌م 13, 2019 16:20 Asia/Tehran
  • عەلی حەمەساڵح : ئەوەی کراوە گەندەڵی خراپەکاریە، با پێکەوە چاکی بکەین

بەرپرسی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانی عیراق باس لەو هێرشانە دەکات کە بەهۆی دواکەوتنی پرۆژەیاسای چاکسازی کراوەتە سەریان و رایدەگەیەنێت، "پرۆژە یاسای چاکسازی دواکەوت، ھەمو ڕۆژ بە بەرنامە ھێرش دەکرایە سەرمان و دەیانوت، ئەو پرۆژەی گۆڕان دەیوت، رێککەوتنم بۆ کردوە، درۆیە، کوا؟".

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لە فەیسبوکی خۆی نوسیوە سێ مانگ پرۆژەکە دواکەوت، ئێمە نەھاتین بڵێن، کێ ڕێگرەو بۆ نایەت، ھەر ئەوانەی ڕێگربون خۆیان دەیانوت، ڕێێکەوتنی گۆڕان بۆ چاکسازی درۆیە، ئێمە ناڵێین ئەم پرۆژەو ئەو پرۆژانەی دیکەش لە ئایندەدا بڕیارە بێن، ھی گۆڕانە، چونکە ئامانجەکە لای ئێمە جێبەجێکردنی پرۆژەکەیە".لە خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستاندا بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسیەکانەوە نەتوانرا پڕۆژەیاسای چاکسازی تێبپەڕێندرێت، بەڵام لەم خولەکەدا پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڕان کە پڕۆژەکە تێبپەڕێندرێت، دوای ئەوەی حکومەت پەسەندیکرد، چاوەڕواندەکرێت هەفتەی ئایندە لە پەرلەمانیش تێبپەڕێندرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رونیکردەوە، "نەمانوتوە ئەم پرۆژە ھی ئێمەیەو کاتێک ئێمە لەسەرەتای دروستبونی گۆڕان باسماندەکرد، خەڵکی دیکە بەنایاسایی ھەزاران خەڵکی خانەنشین دەکرد، ناڵێین، ئەو کاتەی ئێمە باسی ئەم گەندەڵی و نادادیەمان دەکرد، بەیانیان لەسەر دەردەکردین و دەیانوت، چەواشەکاری دەکەن، ئێمە ئامانجمان چاکسازیە لەسەرجەم بوارەکان بۆیە دەڵێین، ئەوەی کراوە لە ڕابردوداو گەندەڵی خراپەکاریە، با ئێستا بەیەکەوە چاکی بکەین".