کانونی دوھەم 20, 2020 11:07 Asia/Tehran
  • پارلمانتارێکی ئیراقی: هەولێر داهاتی نەوت رادەستی بەغدا ناکات

محەمەد کەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێم بۆ ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لیژنەی دەستپاکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستی بەجوڵەکردووە بۆ راگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەبەر ئەوەی هەولێر ئامادە نییە نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات .

 

کەریم لەلێدوانێکدا دەشڵێت: سەرەرای ئەوەی حکومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاندبوو، لەسەرەتای ساڵی نوێوە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکات، بەڵام هێشتا پابەندی ئەوە نەبووە و هیچ برە نەوتێکی رادەست نەکردووە، ئەوە لەکاتێکدا هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە بۆ ٦٠٠ هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لیژنەی دەستپاکیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستی بەجوڵەکردووە بەوەی تا ئەوکاتەی هەرێم نەوتەکەی رادەست دەکات شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت .

هەفتەی رابردوو، لیژنەی دەستپاکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەفەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی کرد بەوەی هیچ برە پارەیەکی تر رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکرێت تا ئەوکاتەی هەرێم ئەو برە نەوتە رادەستی بەغدا دەکات کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە .