کانونی دوھەم 21, 2020 13:15 Asia/Tehran
  • داخوازی ژنانی ئێزدی قوربانی جەنایەتەکانی داعش لەمەڕ وەرگرتنی زیانبایی لە بەغدا

ژنانی ئێزدی ڕزگارکراو لە بەندی داعش، لە دیداری لێژنەیەکی پەرلەمانی ئێراق خوازیاری وەرگرتنی زیانبایی لە دەوڵەتی ئێراق و دیاری کران و چەسپانی مافەکانیان لە یاسا و ڕێساکانی ئەم وڵاتە بوون.

کەناڵی تەلەڤزیۆنیی کوردستان ٢٤ ڕاپۆرتی دا کە لێژنەیەک لە لایەن پەرلەمانی ئێراقەوە هاوڕێ لەگەڵ کۆمیتەی کۆ کردنەوەی بەڵگەی جەنایەتەکانی داعش، خۆیان گەیاندە کەمپی ئاوارەکانی "شاریا" لە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان کە شوێنی نیشتەجێ کرانی ئاوارە ئێزدییەکانە،  و لەو ئۆردوگایەدا لەگەڵ ژنانی ئێزدیی ڕزگار کراو لە بەندی داعش دیدار و وتووێژیان کردووە.

لەو دیدارەدا سەبارەت بە پرۆژەیاسای دانی زیانبایی بە کوردە ئێزدییەکانی قوربانی جەنایەتەکانی داعش و کەسانی ئازاد کراو لە بەندی داعش کە بڕیارە لە پەرلەمانی ئێراق پەسەن بکرێ، وتووێژ کراوە.

ئەسیرانی ئازاد کراو لە بەندی داعش و قوربانیانی جەنایەتەکانی ئەو گرووپە، لەو دیدارەدا جەختیان کردووە کە مافەکانیان لەو پرۆژەیاسایە لەبەرچاو نەگیراوە و داوایان کردووە کە پێش پەسەن کرانی ئەو گەڵاڵەیە ، حەتمەن مەسەلەی دانی زیانبایی شیاو و پێویست بە قوربانیانی جەنایەتەکانی داعش و بەتایبەت کەسانی ڕزگارکراو لە بەندی ئەو گرووپە بە شێوەی ڕوون و  شەفاف لەو پرۆژەیاسایە دیاری بکرێ.

ئەو کەسانە پێداگرن لە سەر ئەوەی کە بەرگری لەوان ئەرک و ئەستۆگریی دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق بووە و دەبێ زیانبایی بدات بە هەر هەموویان.

داعش ساڵی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر شەنگال و دەستی دایە قەڵاچۆ کردنی بەربڵاوی کوردە ئێزدییەکان و زیاتر لە شەش هەزار ئێزدی ڕفاند کە هێشتایش هەر چارەنووسی دوو هەزار و ٩٠٠ کوردی ئێزدی ئەسیری داعش ڕوون نەبۆتەوە.