کانونی دوھەم 26, 2020 15:45 Asia/Tehran
  • مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار قازانجی قاچاغی جگەرەیە بۆ هه ریمی کوردستان

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانی عێراق رایدەگەیەنێت، خاڵە سنوریەکان بوونەتە ناوەندێک بۆ قاچاغچێتی و قۆرخکاری و بە ملیۆنێرکردنی چەند بەرپرس و کەسێک.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نووسینێکدا  لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دا بڵاویکردەوە، "خاڵە سنوریەکان بووەتە  ناوەندێک بۆ قاچاخچێتی و قۆرخکاری و بە ملیۆنێرکردنی چەند بەرپرس وکەسێک، ئەم دۆخی گەندەڵیە لەسەرجەم خاڵە سنوریەکاندا ھەیە، ھەریەکە بە شێوازی جیا".

عه لی حه مه سالح دەشڵێت، "لە ٨٠٪‏ جگەرە بە قاچاخ دەهێنرێتە هەرێم و مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار قازانجی قاچاغی جگەرەیە". ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدواداچوونیان بۆ ھەموو دۆسیەکان کردوە، لە ئیبراھیم خەلیل و سمێلکاوە تا باشماخ، "ئەوەی دیومە، لوتکەی فەسادو گەندەڵی، کۆی بەرپرسانی حکومەت لەم دۆسیە مەترسیدارانە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردەوامە".

ئەو وتانەی عەلی حەمە ساڵح لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە نوسراوێکدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرجەم کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گومرک لە هەرێمی کوردستان کرد.

عەلی حەمە ساڵح روونیشیکردوەتەوە، "ئێستا لە دەرەوەی گومرگی باشماخ، بە پشتبەستن بە ھێزی ئەمنی جگەرە بە قاچاخ دێت و بە ھیچ گومرگ و پشکنینێک تێناپەڕێت، قەبارەی ئەم قاچاغی جگەرە بەشێوەیەکی مەترسیدار زیادیکردوە، ٨٠٪‏ جگەرە ئێستا بە قاچاخ لەلایەن بەرپرسانەوە بە ھێزی ئەمنی داخڵدەکرێت، مانگێکە بە نوسراوی فەرمی سەرجەم دامەزراوە فەرمیەکانمان ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام تا ئێستا بەردەوامە".

 ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەراوردی ھاتنی جگەرە لە نێوان شەش مانگی کۆتایی ٢٠١٨ بە شەش مانگی کۆتایی ٢٠١٩ دەریدەخات مانگانە ٢٠٠ ھەزار کارتۆن جگەرە بە قاچاخ دێت، جگەرەی هاتوو بە گومرگی باشماخ حوزەیران مانگی کۆتایی ٢٠١٨، یەک ملیۆن و 692 ھەزار و 226 کارتۆنە.