شوبات 18, 2020 10:52 Asia/Tehran
  • گۆڕان داوا لە پارتی دەکات بەرکەوتەی پۆستەکانی لە یەکێتی بۆ وەرگرێتەوە

ژمارەیەکی زۆر لەو پۆستانەی کە بەرکەوتەی گۆڕانن لە کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستی یەکێتیدان، گۆڕان گازەندە دەکات لەوەی یەکێتی ئامادە نییە ئەو پۆستانەی رادەست بکات کە دیارترینیان پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەیە.

ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەی ئەو پۆستانە ئاشکرا دەکات کە گۆڕان لە حکومەت داوای دەکات و ئێستا بە دەست یەکێتییەوەن.

شەماڵ عەبدولوەفا، لەوبارەوە دەڵێ: "بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ پارتی کردوومانە، گۆڕان 12%ی پۆستەکانی حکومەتی بەردەکەوێ‌. 8%ی ئەو پۆستانەی بەرکەوتەی گۆڕانن ئێستای لای یەکێتین".

یەکێک لەو پۆستانەی کە گۆڕان داوای دەکات و یەکێتی دەستبەرداری نابێ‌، پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەیە. ئێستا گۆڕان دەیەوێ‌ لە رێگەی پارتییەوە قەناعەت بە یەکێتی بهێنێ‌ دەستبەرداری ئەو پۆستانە بێ‌ کە گۆڕان بە بەرکەوتەی خۆی دەزانێت.

شەماڵ عەبدولوەفا دەڵێ: "ئێمە داوامان لە پارتی کرد قسە لەگەڵ یەکێتی بکات، دوای ئەوەش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بکەین".

رۆژی پێنجشەممە 6\2\2020 پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان دوور لە چاوی کامێراکان کۆبوونەوە، ئەمەش دوای ناڕەزایەتی و گلەییەکانی گۆڕان هات کە گازەندەیان لە پڕنەکردنەوەی پۆستەکانیان لە حکومەتدا کرد.

شەماڵ عەبدولوەفا وتیشی: "ئەوان ئامادەییان دەربڕی ئەو پۆستانەی پشکی گۆڕانە و لەلای خۆیانە بماندەنێ، بەڵام هێشتا ئەو بڕیارەیان جێبەجێ نەکردووە".

بزووتنەوەی گۆڕان کە چوار وەزارەتی لە حکومەتدا هەیە، داوای چوار بریکاری وەزیر و 23 بەڕێوەبەری گشتی و 23 راوێژکار دەکات.