شوبات 19, 2020 17:27 Asia/Tehran
  • 
لە تەلەعفەر گۆڕێکی بە کۆمەڵ دەدۆزرێتەوە؛ تەرمی کوردی ئێزدیی تێدایە

گۆڕێکی بە کۆمەڵ لەنێو یەکێک لە بیرەکانی قەزای تەلەعفەردا دەدۆزرێتەوە، جیا لەو روفاتانەی لەنێو ئەو بیرەدان، تەرمی نزیکەی 30 کوردی ئێزدیی تێدایە و بە گوتەی شایەتحاڵەکانیش سەرجەمیان گەنج بوونە.

 لە باکووری قەزای تەلەعفەر لەنێو یەکێک لە بیرەکانی ئەو قەزایەدا گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە.

بە گوتەی قایمقامی قەزای تەلەعفەر، نزیکەی هەزار کەس لەسەردەمی داعشدا خراونەتە نێو ئەو بیرەوە، تەنانەت بە زیندووێتی و بە دەستی بەستراوەوە خەڵکیان فڕێداوەتە نێو ئەو بیرە.

دوای بەدواداچوونی رووداو لەگەڵ نووسینگەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە قەزای تەلەعفەر، ئەوە ئاشکرا کراوە کە نزیکەی 30 روفاتی کوردانی ئێزدی لەنێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵدان.

بە گوتەی رزگاربوویەکی دەستی داعش لە تەلەعفەر، لەنێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەدا نزیکەی 20 بۆ 30 کوردی ئێزدی هەن کە لەلایەن داعشەوە بە تۆمەتی بەکارهێنانی مۆبایل و چەند تۆمەتێکی دیکە خراونەتە نێو ئەو بیرەوە و هەموویان گەنج بوون.

 پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەکات، قوڵیی ئەو بیرە لە رابردوودا 150 مەتر بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی داعش ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیەی کوشتووە یان بە زیندووێتی فڕێی داونەتە نێو ئەو بیرەوە و خۆڵی بەسەردا کردوون، ئێستا قوڵییەکەی تەنیا 20 مەتر دەبێت.